هونەرمەندێک لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سزا درا

هونەرمەندێکی گۆرانی بێژی ئێران بەهۆی بەشداریکردنی لە کۆنسێرتێک لەلایەن دادگای ئێرانەوە سزا درا، کە لەکاتی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی”یش بەهۆی ووتنی گۆرانی شۆڕشگێرانە دەستبنەسەر کرابوو.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆرانیبێژ پەرەستۆ ئەحمەدی لەگەڵ هەشت بەشداربوو و مۆسیقاژەنی دیکەی “کۆنسێرتی کاروانسەرای” لەلایەن دادگای تاوانەکانی پارێزگای قومەوە بە ٧٤ قامچی و قەدەغەی هاتووچۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ و قەدەغەکردنی چالاکیی هونەری بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەردا سەپێندرا.

 

بەپێی بڕیارەکە، ئەم کەسانە تۆمەتبارکراون بە “ئازاردانی ڕەوشتی گشتی بە بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ناشرین لە فەزای ئەلیکترۆنیدا".

 

لە ١١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، پەرەستۆ ئەحمەدی بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی نمایشە مۆسیقیەکەی بە ناوی “کۆنسێرتێکی گریمانەیی” لە فەزای ئەلیکترۆنیدا، سەرنجی خەڵکی بۆ خۆی ڕاکێشا.

 

کۆنسێرتەکە کە لە کاروانسەرای دێر گەچین لە شاری قوم بەڕێوەچوو، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، کە بەبێ باڵاپۆشی زۆرەملێ لەسەر شانۆ گۆرانی وت.

 

 پەرەستۆ ئەحمەدی و ئەندامانی دیکەی کۆنسێرتەکە دوای ڕۆژێک لە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و دواتر بە کەفالەت ئازادکران.

 

پەرستۆ ئەحمەدی لەدایکبووی ١٩٩٧ە و خەڵکی شارۆچکەی نوشەهری سەر بە پاریزگای مازندەرانە، دەرچووی بەشی دەرهێنەری زانکۆی سوورە، هاوکات گۆرانیبێژە و لە شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی” بە هۆی وتنی گۆرانی “لە خوێنی لاوانی نیشتمان” لە نووسینی عارف قەزوینی دەستبەسەر کرا.