هەولێر، دەنگی ژنان لە هاوپەیمانێتیەکدا کۆدەکرێتەوە
لە شاری هەولێر هاوپەیمانێتی ژنانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا کە لە ژنانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم پێکهاتوون.

ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ڕێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی بە هاوکاریی رێکخراوی NPA نەرویجی و ئەنجوومەنی باڵای خانمان، لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ژنانی چالاکوانی سیاسی، مەدەنی، مرۆڤی و ژنانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێتی ژنانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا.
هاوپەیمانێتییەکە پێکدێت لە ژنانی چالاکوان لە بوارەکانی سیاسی، مەدەنی، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان، ئامانجیشیان یەکخستنی توانا و یەکدەنگی ژنان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە کاری ژنانە.
ڕاگەیاندنی هاوپەیمانێتییەکە لە کاتێکدایە کە دۆخی ژنان تا دێت بەرەو خراپی دەچێت، ڕێژەی توندوتیژییەکان لە ئاستێکی بەرزدایە و کوشتنی ژنانیش لە هەڵکشاندایە بە جۆرێک لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا دوو ژن خۆیان کوشت و ژنێکیش بریندار کرا.
بەهار عەلی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، دەبێت هەموومان پێکەوە ڕێکخراوەکانی ژنان، ئەنجوومەنی باڵای خانمان، لایەنەکانی ناو حکومەت، بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکەوە بە هاوبەشیی دژی توندوتیژیی دژی ژنان کاربکەین و هەوڵ بدەین بە ئاڕاستەى کەمبوونەوەی توندوتیژیی یان نەهێشتنی.
ت.پ