هۆشداری لە توندوتیژی لەسەر ژیانی منداڵانی سووریا دەدرێت
سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" هۆشداری دا لە کاردانەوەی ڕاستەقینەی پەرەسەندنی توندوتیژی لە سووریا بۆ سەر ژیانی منداڵان بەتایبەتی لە شارەکانی سوەیدا و دەرعا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی ڕووداوی خوێناوی بوون.

ناوەندی هەواڵ
چەند ڕۆژ لەمەوبەر، شاری سوەیدای سووریا، دوای سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانی خوێناوی لەنێوان کۆمەڵگەی دروز و گروپە تیرۆریستییە چەکدارەکانی سەر بە جیهادییەکانی هەتەشە شایەتی شەپۆلێکی بێ وێنەی گرژییە ئاسایشی و کۆمەڵایەتییەکانی بەخۆیەوە بینی، لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، لەنێویاندا ژمارەیەک منداڵ.
ڕۆژی ٢٣ی تەمووز، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" نیگەرانی خۆی لە بەردەوامی پەرەسەندنی توندوتیژی لە سووریا دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە منداڵان لەم بارودۆخە گرژانەدا قورسترین باج دەدەن، بە تایبەت لە شارەکانی سوەیدا، دیمەشق و درعا، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شایەتحاڵی ڕووداوی دڵتەزێن بوون کە تێیدا چەندین منداڵ بریندار بوون و کەسانی دیکەش کوژراون.
بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕایگەیاندووە کە هەواڵی کوشتن و کەمئەندامکردنی ژمارەیەک منداڵیان لە توندوتیژییەکانی ئەم دواییە پێگەیشتووە و ئەمەی بە جێگەی داخە و قبوڵنەکراو پێناسەکردووە، نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر منداڵان و خێزانەکانیان کە شایەتحاڵی توندوتیژییەکان بوون یان ناچاربوون لە ترسدا ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، بەمەش لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پاڵپشتی دەروونی بێبەشبوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زیانەکانی ژێرخانی گرنگ، لەوانەش ئاو، کارەبا و تۆڕەی پەیوەندییەکان، بەردەوام دەبن لە کاریگەرییەکی ناڕێژەیی لەسەر منداڵان، بەتایبەتی گروپە هەرە بێ تواناکان، لە وڵاتێکدا کە بەهۆی زیاتر لە ١٠ ساڵ قەیرانەوە ماندوو بووە.
ڕێکخراوەکە جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و مافی مرۆڤ و گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی بەردەست بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی، بەتایبەتی منداڵان، کە ناتوانن بەرگەی پەرەسەندنی زیاتر بگرن.
داوای دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە هاوکاری بێ بەربەست بۆ منداڵانی زیانلێکەوتوو و خێزانەکانیان، جەختی لەوە کردەوە کە مافی ژیانیان بە ئارامی و ئاسایش و کەرامەتەوە هەیە، کە دەبێت پێشەنگیەکی بەپەلە بێت چونکە ناتوانرێت دوابخرێت.