"هەرچییەک ڕووبدات ئێمە مافەکانمان دەپارێزین"
زەهرا عەلی کە لە شاری حەلەب دەژی، ڕایگەیاند کە ژنان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تەحریر شام فشارێکی زۆریان لەسەرەو وتیشی: مافی ژنان مافێکی سروشتییە و هەرچییەک بێت مافی خۆمان دەپارێزین.
غوفران هەبس
حەلەب- ژنانی حەلەب نیگەرانن لە ژیان و جموجۆڵەکانیان دوای ئەوەی شارەکە کەوتە دەست گروپی چەتەکانی تەحریر شام، لەناوچەی حەلەب و ئیدلیبی سووریا ژنان بە چەندین سەختیدا تێدەپەڕن، بە تایبەت لە ڕووی ئازادی کەسی و ژیانی ڕۆژانەوە لە ژێر فشاری گروپی چەتەکاندان، ئەو گروپە چەتانە یاسای زۆر توندی بەسەریاندا سەپاندووە، و ئەگەر بەبێ ئەندامێکی بنەماڵەکەیان بچنە دەرەوە بۆ شوێنە گشتییەکان، یان بەشداری خۆپیشاندان بکەن و داوای ئازادکردنی ئەندامانی بنەماڵەکان بکەن، ئەوا دەستگیر دەکرێن.
"هەموو کارێک کە دەیکەین دەبێتە تاوان"
زەهرا عەلی تەمەن ٣٥ ساڵ بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا نەکرێت عەبای ڕەشی لەبەرکردووە، وتی: هاوڕێکانم کە نموونەی ژنە زیرەکەکانن، هەمیشە هەوڵدەدەن سەرەڕای ئەو دۆخە سەختەی تێیدا دەژین، لە خوێندنەکەیاندا سەرکەوتووبن، ڕۆژێک یەکێک لەو هاوڕێیانەم لەگەڵ هاوڕێکەی کۆلێژی چووە دەرەوە بۆ پارکی گشتی، بۆ ئەوەی زانیاری خوێندن هاوبەش بکەن و خۆی بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادە بکات، کۆبوونەوەکە سنووری خوێندنی تێنەپەڕاند، بەڵام لەناکاو هەندێک گروپی چەتەی ناوچەکە لێیان نزیکبوونەوە و هاوڕێکەمیان دەستگیرکرد، بەبێ ئەوەی گوێیان لێبگرن یان هۆکاری کۆبوونەوەکە بزانن، وامان لێهاتووە، هەر شتێک دەکەین دەبێتە تاوان.
فشارەکان کێشەی دەروونی زۆر دروست دەکەن
زەهرا ئاماژەی بەوەشکرد، هاوڕێکەی لە کاتی دەستگیرکردنیدا ڕووبەڕووی گفتوگۆی نەشیاو و توندوتیژی دەروونی بووەتەوە، وتیشی: وەک ئەوەی هەڵەیەکی گەورە کرابێت ئەو کارەیان کرد، ئەوان گرنگییان بە ڕاستییەکان و مەبەستی ئەو نەدا، بەڵکو بە عەقڵێکی تەسکەوە دەسگیرییان کرد، ژنانی هەرێمەکە بە چەندین تۆماری کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕن، دەستگیرکردنی هاوڕێکەم نەک تەنها کاریگەری لەسەر خۆی، بەڵکو کاریگەری لەسەر بنەماڵەکەی هەبوو، بە هۆی بۆچوونی کۆمەڵگەشەوە گومانی لێدەکرێت، هەمووان وەک ئەوەی تاوانێک بێت باسی دەکەن، بۆچوونەکان دەربارەی ئەو و بنەماڵەکەی زۆر قورس بوون، هاوڕێکەم تەنها ویستی بخوێنێت، کاریگەرییە دەروونییەکانی ئەم ڕووداوە لەسەر هاوڕێکەم زۆر قووڵ بوو، ئیتر باوەڕیی لەدەستدا و هەستی دەکرد داهاتووی لەناوچووە، خێزانەکەی لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین، هەرچەندە ئەوەی ڕوویدا نابێت بگاتە ئەم ئاستە، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕووداوەکان کاتێکی زۆری دەوێت تا لەبیر بکرێت، بە ئاسانی لەبیر ناکرێن.
"چەتەکان ئۆتۆمبێلیان بەسەر چالاکوانەکاندا لێخوڕی"
نەک تەنیا زەهرا عەلی، ژنە چالاکوان و خۆپیشاندەرانیش کە داوای مافەکانیان دەکرد، کەوتنە ژێر فشارەوە، لەناویاندا ژنێک کە بەشداری خۆپیشاندانەکەی کردبوو، ویستبووی هاوژین و منداڵەکانی لە زیندانی چەتەکان بێنە دەرەوە، زەهرا عەلی سەبارەت بەم ڕووداوە وتی: ژنێک لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندەران بوو، لە پانکارتی دەستیدا نووسرابوو 'ئازادی بۆ هاوژین و منداڵەکانمان'، لە دڵیدا مەترسی هەبوو، بەڵام دڵی پڕ بوو لە خۆشیم لەو ساتەدا ئۆتۆمبێلێک بەرەو ئەوان ڕۆیشت، خۆپیشاندەران هاواریان کرد و ڕۆیشتنە لایەک، بەڵام ئەو لە شوێنی خۆی مایەوە، نەیتوانی بجوڵێت و کەوتە سەر زەوی، بردیان بۆ نەخۆشخانە. کاتێک چارەسەرەکەی کۆتایی هات، لە زیندانەکانی چەتەکاندا درێژە بە ژیان دەدات، هەروەها ژنانی دەوروبەری وتیان، چۆن لە کەشوهەوای توندوتیژیدا بەردەوام بن لە خۆڕاگری خۆیان؟
"ژنان ناتوانن بەشداری ژیانی ئاسایی بکەن، وەک ئەوەی تاوانێکییان کردبێت"
زەهرا ڕایگەیاند کە سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی بەسەریدا هاتووە، بڕیاری داوە هەنگاو نەنێتە دواوە و دەنگی ژنانی بێدەنگ بێت و وتیشی: دەستم کردووە بە نووسینی چیرۆکی ژنانی زیندانیکراو، بە پێنووسەکەم سەرنجم لەسەر دەنگی ژن بوو تا بگاتە هەموو جیهان، چەتەکان هۆکاری سەرەکی بێدەنگی ژنانن، بەهۆی دەنگەکەیانەوە بێدەنگ دەکرێن و ڕێگەیان پێنادرێت بیروبوونی خۆیان دەرببڕن، ئایین و نەریتیان کردە بیانوو، کاتێک ژنان هەوڵی قسەکردن دەدەن یان داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، ڕووبەڕووی تاوان و هەڕەشە دەبنەوە، چوونەدەرەوەیان قەدەغەیە و ناتوانن بەشداری ژیانی گشتی بکەن، وەک ئەوەی تاوانێکیان ئەنجامدابێت.
"گەنجان و ژنان دەتوانن گۆڕانکاری بکەن"
زەهرا عەلی سەبارەت بە مافەکانی ژنان، ڕایگەیاند کە بەشێکی دانەبڕاویی مافەکانی مرۆڤە، پێویستە بە هەموو شێوەیەک بپارێزرێن بۆ ئەوەی ژنان دەستگیر نەکرێن و توندوتیژی بەرامبەرییان نەکرێت، پێویستە یاسای ڕوون و توند هەبن بۆ پاراستنیان، جگە لەوەش پێویستە پەروەردەی هۆشیاری بۆ کۆمەڵگە هەبێت سەبارەت بە مافەکانی ژنان و ڕێزگرتن لە ژنان گرنگ بێت، پێویستە سەنتەری پشتیوانی دەروونی و یاسایی هەبێت بۆ ئەو ژنانەی کە ڕەنگە تووشی توندوتیژی ببن، دەبێت ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کار لەسەر دامەزراندنی شێوازی چاودێری و هەڵسەنگاندن بکەن بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان، دەبێت پاڵپشتی ژنانی پێشەنگ لە کۆمەڵگەدا بکەین و ڕۆڵیان لە بڕیاردان بەهێزتر بکەین، چونکە ئەوان گونجاوترینن لە تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی ژنان و کێشەکانیان، بۆ داهاتووی منداڵەکانم، دەبینم کە گەنجان و ژنان دەتوانن گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە بکەن، ئەگەر بتوانین کۆمەڵگەیەک بنیات بنێین کە مافی هەمووان بپارێزێت، ئەوا دەتوانین ئازاری پیاوە ستەمکارەکان تێکبشکێنین.