"هەموو لەسێدارەدانێک کارەساتە و لایەنێکی سیاسی هەیە"
مریەم مەهدی سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، ئاماژەی بەوەدا کە هەموو بڕیارێکی لەسێدارەدان لایەنێکی سیاسی هەیە و گەلی ئێران دەبێ بە هەوڵی خۆیان چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە.
شەهلا موحەمەدی
ناوەندی هەواڵ- بڕیاری لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی، بەندکراوی کورد جارێکی دیکە لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەو پشتڕاست کرایەوە و دۆسیەکەی ڕەوانەی بەشی لەسێدارەدان کرا.
هاوکات لەگەڵ پەسەندکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، پارێزەرەکەی ئەمیر ڕەیسیان، وتی: سەبارەت بەو کەموکوڕیانەی کە لە دۆسیەکەدا باسکراون، هیچ کامیان لەلایەن دادگای باڵاوە بە جددی وەرنەگیراون، کەموکورتییەکانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بە کەموکورتییە فەرمی و جەوهەریەکانیشەوە بە جددی وەرنەگیرا، جگە لەوەش بەڵگەنامە و بەڵگەکانی پەیوەست بە کارەکانی پەخشان عەزیزی لە کامپی پەنابەرانی شەنگال لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا و کامپەکانی دیکەی پەنابەران کە ئاشتی پارێزی و یارمەتییە مرۆییەکان بوون، بە جددی وەرنەگیرا، هیچ لایەنێکی سیاسی لەم هەوڵانەدا نەبووە، بە تەواوی لە چوارچێوەی هاوکارییدا بوون.
ئێمە لەگەڵ پارێزەر مریەم مەهدی باسی کەموکوڕیەکانی دۆسیەی پەخشان عەزیزی و هۆکارەکانی ئەم سزایەمان کرد.
"تۆمەتەکان هەموو درۆن"
سەبارەت بەو سزایەی کە بەسەر پەخشان عەزیزیدا سەپێندراوە، مریەم مەهدی وتی: لەم دۆسیەیەدا بە تۆمەتی 'هاندانی یاخیبوون' سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، ئەم تۆمەتە بەو مانایەیە کە یاخیبوونی چەکدارانە لە حکومەتی ئیسلامی و لە هەلومەرجەکەدا؛ بۆ نموونە ئەگەر کەسێک چەکێکی هەبوایە و بەکاری هێنابا، ئەوا بە کۆمەڵ تاوانەکەی ئەنجام دەدا، بەڵام دەوترێت ئەگەر چەکێک بەکارنەهاتبێت و کەسێک بگیرێت، سزای لەسێدارەدان ناسەپێندرێت، ئەم سزایە پاشخانێکی مێژوویی و فیقهی هەیە و هیچ سزایەکی لەو شێوەیە لە پەرتوکە فیقهییەکانی پێشوودا نەدراوە، ئەم تاوانە یاخیبوونە لە حکومەتێکی دادپەروەر، واتە دەبێت دادپەروەری زاڵ بێت و کردەوەی یاخیبوون لە دژی بسەلمێنرێت.
مریەم مەهدی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە دۆسیەی پەخشاندا شتێکی لەو شێوەیە نییە، یاخیبوون دژی کام حکومەت؟ چ چەکێکی لەگەڵ خۆی بردووە و لەگەڵ کێ شەڕی کردووە و لە کوێ؟ هیچ بەڵگەیەکی لەو جۆرە لە فایلەکەیدا نییە، تەنها شتێک لە فایلەکەدا ئەوەیە کە پەخشان عەزیزی هاوکاری مرۆیی لە دژی داعش پێشکەش کردووە و خاوەنی هیچ چەکێک نەبووە، هەر بۆیە هەموو تۆمەتەکان درۆن.
"دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە هیچ حکومەتێک مافی کوشتنی مرۆڤی نییە"
مریەم مەهدی ئاماژەی بەوەدا کە ڕژێمی ئێران بە لەسێدارەدانی ژنانی کورد هەوڵی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ دەدات و وتی: ڕژێمی ئێران هەندێک جار لە سێدارەدان بە پێویستی دەزانێت، هەوڵ دەدات دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات، ترس و دڵەڕاوکێ دروست بکات، ئێستاش فشارەکان لەسەر کۆمەڵگە و پیسبوونی هەوا و پچڕانی کارەبا و پچڕانی ئاو و لە بارودۆخی وەک قەیرانی ئابووریدا حوکمەتەکان بە پێویستی دەزانن بابەتەکە بگۆڕن چونکە خەڵک کاردانەوەیان هەیە، بە تایبەتی ژنانی کورد دەکاتە ئامانج، هیچ هۆکارێک نییە بۆ سزای لەسێدارەدان لەم دۆسیەیەدا.
مریەم مەهدی لە کۆتاییدا وتی: ئەوەی پێویستە مەحکوم بکرێت سزای لەسێدارەدانە، نابێت بیر لەوە بکەینەوە کە ئایا خەڵک شایەنی لە سێدارەدان بوون یان نا، نابێت مافی کوشتنی مرۆڤ بە هیچ حکومەتێک بدەین، کاتێک ئەم مافە بە حکومەتێک دەدرێت، وەک هێزێک بەسەر خەڵکدا خۆی نیشان دەدات و لە هەموو جۆرە دیکتاتۆریەت و ستەم و کۆمەڵکوژییەک نزیک دەبێتەوە، بۆیە دەبێت خەبات دژی سزای لەسێدارەدان بەڕێوەبچێت و هەموو هێز و گروپەکان لەسەر ئەم پرسە یەکبگرن و ئەم پرسە بکاتە خاڵێکی هاوبەش بۆ خەڵک.