لە ڕێپێوانی تایبەت بە کرێکاران، دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بەرز ڕاگیرا
کۆمیتەی یەکی ئایار، بەبۆنەی ۱ی ئایار کە دەکاتە ڕۆژی کرێکاران، کرێکاران و ژنانی کرێکار، بە ڕێپێوانێک لەبەردەم باخی گشتی داوای مافەکانی خۆین کرد.
سلێمانی
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە بەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی، کرێکاران و داکۆکیکاران لە مافی کرێکاران، بە پۆشاکی کارەکەیان و بە بەشداریکردنی ژنانی کرێکار لەناویاندا، لەبەردەم باخی گشتی بەرەو بازاڕی کاسۆمۆڵ بۆ داکۆکیکردن و داواکردنی مافەکانی چینی ڕەنجدەر و کرێکاران، بە بەرزکردنەوەی چەندین دروشم، ڕێپێوانیان ئەنجامدا.
بە دروشمی " ژن ژیان ئازادی" ، "ڕسوابێت سیاسەتی برسیکردنی کرێکار" ، "بەرز و شەکاوەبێت ئاڵای یەکی ئایار" ، "بژی هاوخەباتی و هاوپشتی جیهانی کرێکار"، ڕێپێوانەکە ئەنجامدرا.
کۆمیتەی یەکی ئایار بەیاننامەیان خوێندەوە، تیایدا چەند بابەتێکی گرنگیان خستەڕوو کە تیایدا هاتبوو:
" ئەمڕۆ کە ئێمەی کرێکار یادی ۱ی ئایار دەکەینەوە کە جیهان پێی ناوەتە وەچەرخانێکی ئابووری، لە ڕێگەی کێشمەکێشی توندی نێوان زلهێزە ئیمپڕیالیستەکان، لەسەر ململانێی ئابووری و سیاسیی جەنگی خوێناوی و ژیانی ملیۆنان کرێکار و زەحمەتکێشی پێوە سووتاوە، هەروەک لە ئۆکرانیا، فەڵەستین و کوردستان دەیبینین حیزبە سیاسیەکانی زۆنی سەوز و زەردەوە خەریکی سەپاندنی سیاسەتی ئابووری و سەرمایەدارین لەڕێگەی کردنەوەی پڕۆژە و زیاتکردنی کەرتە تایبەتەکان و نەهێشتنی کەرتی گشتی".
"ژنانی کرێکار ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی لە لایەن خاوەن کارەکانیانەوە دەبنەوە "
ڕوپاک ئیسماعیل، ئەندامی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان-حزبی شیوعی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، کرێکاران لە بارودۆخێکی سەختدان، بە ئەستەم دەتوانن گوزەران و ژیان بەرنەسەر، هەروەها حکومەت و کەرتە تایبەتەکان هیچ ڕێکارێکی خۆ پاراستنیان بۆ دەستەبەر ناکەن، دەڵێت: ئەوکەسانەی کاردەکەن لە نێوان تەمەنێکی کەمدان و زۆربەیان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن، لەبەر ئەوەی دامەزراندن نیە گەنجان کرێکاری دەکەن و هیچ زانیاریان نییە دەربارەی خۆپاراستن و کارەکانیان، هەر بۆیە ۷۷کرێکار گیانی لەدەست داوە لەمساڵدا و بەشێکیشیان لە کاتی کارکردندا بەهۆی ئەو زیانانەی بەریانکەوتووە لە کاتی کارکردندا بونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت کە دەبێتە هۆی خراپترکردنی گوزەرانی کرێکاران.
هەروەها وتیشی: ژنانی کرێکاران زیاتر ڕووبەڕووی توندتیژی و دەسترێژی دەبنەوە لەسەر کارەکانیان هەندێک جار لەلایەن خاوەن کارەکانیانەوە توندتیژیان بەرامبەر دەکرێت، پێویستەکات ژنانی کرێکار ئەم دەستدرێژی و توندوتیژیە قبوڵ نەکەن و داوای مافەکانیان بکەن.