ژمارەی گیانلەدەستدانی بومەلەرزەکە ٢٥ هەزار کەسی تێپەڕاند

بە پێی دواهەمین زانیارییەکان لە ئەنجامی بومەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا و باکووری کوردستان، سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، دۆخی تەندروستی هاوڵاتیانی ناو کەمپەکانیش سەخت دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی دواهەمین زانیارییەکان لە ئەنجامی بومەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا و باکووری کوردستان، سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

بەپێی وتەی ڕێکخەری فریاگوزاری فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان، پێدەچێت ژمارەی گیانلەدەستدانەکان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە "زیاتر لە دوو هێندە" بێت.

 

تیمە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان لە کاتێکدا سەردانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی ژێر کاریگەی بومەلەرزەکەیان کردووە ئاماژەیان بەوە داوە بەشێوەیەکی گشتی یارمەتی ئەو بریندارانەیان داوە کە ئیسکەکانیان شکاوە، قاچ، قۆڵ بەهۆی کەوتنە ژێر دار و پەردووی باڵەخانەکانەوە.

 

لە هەفتەکانی داهاتوودا دۆخی تەندروستی هاوڵاتیان مەترسی زیاتر دروست دکات، لەگەڵ زیاتربوونی هەوڵەکانی گەڕان ژمارەیەکی بێشوماری ڕزگاربووان پێویستیان بە دەرمان دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و شەکرە و تەنگەنەفەسی کە لەناو داروپەردوودا بەجێماون، ژنانی دووگیان لە پەناگەکان و لە دۆخێکی سەختدا لە ناو کەمپەکان منداڵیان دەبێت، تووشبووانی شێرپەنجە بەبێ چارەسەر دەمێننەوە.

 

لە پلەیەکی سەرمای نزمدا خەڵکی ناو کەمپەکان و بە تایبەتی منداڵان ڕووبەڕووی سەرما دەبنەوە ڕەنگە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڤایرۆسەکانی تری کۆئەندامی هەناسەدان.

 

مەترسییەکی دیکەش بۆ قوربانیانی بومەلەرزەکە لە ئارادایە، چونکە نەخۆشییە گواستراوەکان بەهۆی ئاو وەک کۆلێرا، کە پێشتر لە ناوچەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی خراپی کوالیتی ئاوی خواردنەوە و پاکوخاوێنی دەرکەوتبوو.