هەڵبژاردنی ١١ی حوزەیران بۆ ١٣٤ شارەوانی بەڕێوەدەچێت

باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دابەشکراوە بەسەر ١٩٢ شار و شارۆچکەدا، بەڵام هەندێک ناوچە لەژێر داگیرکاریدان و هەندێکیشیان لەڕووی ژێرخانەوە ئامادەنەکراون، بۆیە هەڵبژاردنەکە لە ١٣٤ شارەوانی بەڕێوەدەچێت.

ناوەندی هەواڵ

 

یاسای دابەشکردنی کارگێڕی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ١٠ی ئایاری ٢٠٢٤ لەلایەن ئەنجومەنی گەلانەوە پەسەندکرا، لە یاساکەدا هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دابەشکراوە بەسەر ٧ کانتۆن و ٦ شاری گەورە و ٤٥ شار و ١٤١ شارۆچکە.

 

 بەپێی یاسای هەڵبژاردن پێویستە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 192 ناوەند ئەنجام بدرێت،  بەڵام لەبەر ئەوەی ناوچەکانی عەفرین، باب، جەرابلوس، عزەز، گرێ سیپی و سەرێکانییە لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانەوە داگیرکراون، هەڵبژاردن لەو ناوچانە ئەنجام نادرێت، جگە لەوەش لە هەندێک ناوچە کە تازە بوونەتە شار و شارۆچکە ژێرخانی پێویست دروست نەکراوە، بۆیە هەڵبژاردن لەو شوێنانە ئەنجام نادرێت.

 

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەو شوێنانەی کە دەرفەتی هەڵبژاردنیان تێیدا هەیە وەک ٥ شاری گەورە و ٣٧ شار و ٩١ شارۆچکە دیاری کردووە.

 

بەپێی ئەم زانیاریانە هەڵبژاردن بۆ ٦٧ شارەوانی لە کانتۆنی جزیرە، ١٨ شارەوانی کانتۆنی دێرەزوور، ١٥ شارەوانی لە کانتۆنی ڕەقە، ١٤  لە کانتۆنی فورات، ٦ لە کانتۆنی مەنبەج، ٩ لە کانتۆنی تەبقە و ٥ لە کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبا بەڕێوەدەچێت.