تا دێت ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا زیاد دەکات

بەهۆی ململانێی سیاسی و قۆرخکردنی دارای وڵات لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە تا بێت ڕیژەی بێکاری و هەژاری لە عێراقدا زیاد دەکات، لە ئێستادا گەیشتووەتە ٩ ملیۆن هەژار

ناوەندی هەواڵ

 

لە عێراقدا هەژاری لە ئاستێکی باڵادایە، تا دێت ڕێژەکەش زیاد دەکات هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەی هاوڵاتیانی عێراق، حکومەتەکەیەتی، بەهۆی ئەوەی بەردەوام ئامانجیەتی ڕێژەی هەژاری زیاتر بکات، بەرزوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی دینار هێندەی دیکە دۆخەکەی سەختتر کردووە، بە هۆیەوە ڕێژەی هەژاری لە ٪٢٥ زیاد کردووە.

 

لە سەرەتای ئەم مانگەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدا کۆبوونەوە و تیایدا ڕێنمای کرد بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی مەیدانی، تا لە بودجەی ساڵی نوێدا هەژاران هاوکاری بکرێن، هەروەها بەشەخۆراکییەکانیان بۆ جێگیر بکەن.

 

٩ ملیۆن عێراقی لە هەژاریدا دەژین

بە پێی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییانەی وەزارەتی پلاندانان، سەلمێندراوە لە عێراقدا ٩ ملیۆن هاوڵاتی لە دۆخی هەژاریدا دەژین، ئەو هاوکاریانەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ هەژاران دەیدات، تەنها ٣ ملیۆن کەس لێی سودمەند بووە.

 

ململانێی سیاسی کاری لە دارایی گشتی وڵات کردووە، بۆیە بەردەوام هەژاری زیاد دەکات، حکومەتی عێراقی موچەیەک بە بڕی ١٨٠ هەزار دینار بۆ هەندێک لە چینە جیاوازەکان دابین دەکات، وەک "منداڵانی بێ باوک، ژنانی بێ هاوژین"، ئەم بڕە پارەیە هیچ پێداویستییەکیان بۆ پڕناکاتەوە.

 

" پارتە سیاسییەکان قۆرخکاریان دەستپێکردووە"

چالاکوانان ڕوونیدەکەنەوە دەسەڵاتدارانی عێراق بیر لە چارەسەری هەمەلایەنە و کۆتایی ناکەنەوە بۆ قەیرانەکانی هەژاری و بێکاری و ئەو کێشە ئابوورییانەی کە کاریگەرییان لەسەر دۆخی هاوڵاتیان هەیە، چونکە بێدەسەڵاتن، ڕادەی لاوازی بەرامبەر هەژاری لە ناوچەکانی عێراقدا جیاوازی نییە، بەو پێیەی جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان شارەکانی باکوور و باشووردا نییە، بەتایبەتی کە پارتە سیاسییەکان قۆرخکاریی هەلی کار، سندوقەکان، کەسانی تایبەت و حکومەت دەکەن.

 

بەسرە، میسان و ناسریە بەرزترین ڕێژەی هەژاری تیایاندا تۆمار کراوە، ئەمە جگە لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی داعشدا ڕزگارکراون، بەتایبەتی شاری موسڵ کە خزمەتگوزارییەکان تا بێ تیایدا خراپتر دەبێت، لە کاتێکدا ئەوانەی گەڕاونەتەوە تا ئێستا بێ سەرچاوەی بژێوی ژیانن.

 

ڕێژەی بێکاری لە ٪١٤ زیادیکردووە

ناوەندی ستراتیجی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاماژەی بەوەداوە، رێژەی هەژاری گەیشتووەتە ژمارەیەکی بێ وێنە، ڕێژەی بێکاریش بە ڕێژەی ٪١٤ زیادی کردووە و گەیشتووەتە چوار ملیۆن کەس، هۆکاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ "بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، هەڵوەشاندنەوەی پاڵپشتی بۆ کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ، و پشتبەستنێکی زۆر بە هاوردەکردن".