ڕۆژی ٥٨ی بوومەلەرزەکە؛ ٨ تەرم لەژێر داروپەردوودا دەرهێنران

لە ناوچەی دەفنەی سەر بە هاتای ٨ تەرم لەژێر داروپەردوودا دۆزرانەوە و باس لەوە دەکرێت کە چەندین تەرمی دیکە لە باڵەخانەکاندا ماون تا دەربهێنرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

٥٨ ڕۆژ بەسەر بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، کە ناوەندەکەی شاری مەڕەش بوو، تێدەپەڕێت، هێشتا شەقامە تەسکەکانی کورتولوش لە شاری عەنتاب لە هاتای تیپی پاککەرەوەیان پێنەگەشتووە و باس لەوەدەکرێت، لە گەڕەکەکانی کۆجائابدی، دوتدیبی، ئیپلیک پازار، ئۆرهانلی، بەربارۆس و زنگنلەر تەرمی مردوو لە ژێر داروپەردوودا ماون، لە ناوچەی دەفنەش دۆخەکە بە هەمان شێوەیە.

 

هەرچەندە ٥٨ ڕۆژ بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا تەرمەکان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا دەدۆزرێنەوە، تەرمی کەسێک بە ناوی شەفیق کە نەتوانرا ناوی بنەماڵەکەی بزانرێت، لە شوقەی مەهمەت ئەکبای لە ناحیەی ئارموتلو لە دەفنە دۆزرایەوە، لە باڵەخانەیەکی دیکەی هەمان ناوچەدا، تەرمی ژنێک بە ناوی زەلیف قەرەتاش دۆزرایەوە.

 

زانراوە کە لە کاتی کارەکانی لابردنی پاشماوە لە شەقامی چیچەک لە دەفنە ٦ تەرم لە باڵەخانەیەک دەرهێنراون، خەڵک و ئەندامانی تیمەکان باس لەوە دەکەن کە هێشتا تەرم لەژێر باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماون، بەڵام بەهۆی پاک نەکردنەوەی پاشماوەکانەوە ناتوانرێت تەرمەکان دەربهێنرێت.