لە کامپی هۆل قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی دەستیپێکرد

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ قۆناغی دووەمی "ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی"یان لە کامپی هۆل دەستپێکرد کە ٤٥ کم لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە دوورە.

حەسەکە

 

کامپی هۆل لە ساڵی ١٩٩١ بۆ پێشوازیکردن لە کۆچبەرانی عێراقی دامەزراوە، بەڵام دوای ئەوەی شارۆچکەی دێرەزۆر لەلایەن شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدەوە لە ٢٣ی ئاداری ٢٠١٩ ئازاد کرا، ئەو خێزانانەی خۆیان ڕادەستی هێزەکانی قەسەدە کرد بۆ کامپی هۆڵ گواسترانەوە، ڕۆژی ٢٨ی ئاداری ٢٠٢١ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بەهاوكاری یەكینەكانی پاراستنی ژن-یەپەژە و هێزەكانی سوریای دیموكرات-قەسەدە بە سەرجەم یەكە سەربازییەكانیانەوە، لەپێناو ئارامی و ئاسایشی کامپەکە "ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی" دەستیپێکرد. ئامانجیشیان کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کامپی هۆلە، کە یەکێکە لە مەترسیدارترین کامپەکانی جیهان.

 

ئەمڕۆش بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بەردەم بینای هیزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ناوچەی هۆڵ، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە هاوکاری یەپەژە و قەسەدە هەنگاوی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنییان دەستپێکرد، لە کۆنگرەکەدا بەڕێوەبەری ئاسایشی ژنان، ڤەژین ئیلان، فەرماندەی یەپەژە، ڕوکەن کۆبانێ، سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی هەرێمی جەزیرە، حوسێن سەلمۆ، ئەنجومەنی سەربازی سوریانی، ئەبجەر داود، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی ناوخۆ، عەلی حەسەن، وتەبێژی قەسەدە، ئارام هەنا و وتەبێژی یەپەگە، نوری مەحمود قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەیان ڕاگەیاند.

 

قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆن بەهۆی زۆربوونی توندوتیژی دەستیپێکرد

لە بەیاننامەکەدا مەترسییەکانی کامپی هۆڵیان خستەڕوو کە بووەتە شانەی نووستووی داعش و بنەماڵەکانیان و ناوەندێک بۆ زیندووبوونەی داعش لە ناوچەکانی سوریا، عێراق و جیهان، "مەترسییەکانی ئەم کامپە لەم دواییانەدا زیاتر بووە بەهۆی زیادبوونی هێرشی شانەکانی داعش، کە بە شێوەیەکی دڕندانە بەرامبەر دانیشتوانی کامپەکە و خۆبەخشانی ڕێکخراوە مرۆییەکان و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەنجامیانداوە. جگە لەوەش مەترسییەکە بە هەوڵدان بۆ هەڵاتن لە کامپەکە بوونی هەیە و پلانی هێرشکردنە سەر کامپەکەش لە دەرەوە هەن.

 

کۆنتڕۆڵکردنی کامپی هۆل دووەم ئامانجی چەتەکانی داعش بوو دوای کۆنترۆڵکردنی زیندانی سەنعا لە حەسەکە. شانەكانی ئەم رێكخراوە بە هێرشكردنە سەر ئەو زیندانە هەوڵیاندا چەند هێرشێك لە ناوەوە و دەرەوەی كەمپەكە ئەنجامبدەن بە مەبەستی كردنەوەی رێڕەوێك بە ڕووی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی سوریا كە بە سنووری عێراق و بیابانی سوریا و سنووری توركیاوە بەستراونەتەوە، لەبەرامبەردا هێزەکانی ئێمە و قەسەدە بەشێکی زۆریان دەستگیر کردن و پلانی تیرۆریستییان تێکشکاند. بەڵام ئەم پلانە لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی مەترسیدار کاری پێکراوە و جێبەجێ دەکرێت".

 

٤٤ کەس لەناو کامپەکە کوژراون

بەپێی بەیاننامەکە، لە ماوەی ئەمساڵدا لەناو کامپەکەدا ٤٣ چالاکی کوشتن و ئەشکەنجەکردن ئەنجامدرا، ٤٤ کەس کوژراون، کە ١٤ ژن و ٢ منداڵی تێدایە، چالاکییەکانیش بە تفەنگی بێدەنگ و دەمانچەی دەستی یان بە کەرەستەی تیژ ئەنجامدراون و بۆ شاردنەوەی تەرمەکانیش کراونەتە ناو ئاوەڕۆوە، ١٣ حاڵەتی ڕفاندنی دانیشتوانی کامپەکە لەناو کامپەکەدا تۆمارکراون، حاڵەتی سوتانی چادر هەبووە کە خێزان تێیدا خەوتوون، لەناوبردنی کەرەستەی فریاگوزاری و کەرەستەی دامودەزگا تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان هەن، حاڵەتیش هەبووە کە ویستوویانە کێشە دروستبکەن و هەوڵی لابردنی دیوارە پارێزەرەکانی دەوروبەری کامپەکە بدەن.

 

لە بەیاننامەکەدا جەختکرایەوە، "لەسەر بنەمای بێدەنگبوونی هێزە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ڕووداو و دۆخی کامپەکە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بە پاڵپشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی داعش، قۆناغی دووەمی 'ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و مرۆیی' لە کامپی هۆل بۆ بەدواداچوونی شانەکانی داعش و ڕوونکردنەوەی دۆخی کامپەکە و کەمکردنەوەی ژینگەی خوێناویی ناو کامپەکە و ڕزگارکردنی دانیشتوانی کامپەکە لە تیرۆر و کارەساتەکەیان دەستپێدەکەینەوە".