گولـلەی هەڕەمەکی زیان بە منداڵانی سووریا دەگەیەنێت
مەترسییەکانی بەردەم منداڵان لە سووریا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چەک و تەقەمەنی لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون زیاتر دەبێت، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بەهۆی گوللـەی هەڕەمەکی و ڕووداوە بەڕێکەوتەکانەوە، ساڵانە دەیان زیانبەرکەوتوو تۆمار دەکات.
ناوەندی هەواڵ
ئەو شەقام و گەڕەک و گوندانەی کە بڕیارە شوێنی پارێزراویبن بۆ منداڵان لە سووریا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەک و تەقەمەنی و موشەک لەناو خەڵکی مەدەنیدا بوونەتە ژینگەیەکی مەترسیدار،بوونی ئەوان لە ژیانی ڕۆژانەدا بووەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی منداڵان.
منداڵان لە سووریا چیتر پێویست ناکات بەشداری ململانێیەک بکەن و تەنانەت لە نزیک ناوچەکانی شەڕیش بن بۆ ئەوەی ببنە زیانبەرکەوتوو، تەنها تێپەڕین بەلای شوێنێکدا کە تەقەی بێ جیاوازی تیایدا ڕوویداوە، بوون لە نزیک کەسێک کە چەکێکی هەڵگرتووە، دەستگرتن بە موشەک یان تەقەمەنی، دەتوانێت ساتێکی ئاسایی بکاتە کارەساتێک کە ڕەنگە ژیانییان بەفیڕۆ بدات یان برینداربوون و پەڵەی دەروونی درێژخایەنیان بەجێبهێڵێت.
کوشتن و برینداربوونی منداڵان لایەنێکی زۆر جددی دەرئەنجامەکانی بەربڵاوی چەکی ئاشکرا کردووە، بەتایبەتی کاتێک بەکارهێنانیان بێ جیاوازی بێت یان کاتێک چەک و موشەک لە ناوچە مەدەنییەکان و لەناو دانیشتواندا هەبووە، منداڵان بەهۆی تەمەن و بێتوانایی لە هەڵسەنگاندنی ڕادەی مەترسییەکەدا، لە ڕیزی ئەو کەسانەن کە زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت بۆ ئەم ڕووداوانە، لە کاتێکدا خێزان و کۆمەڵگەکان قورسایی لەدەستدان یان برینداربوونی منداڵەکانیان لە ئەستۆ دەگرن.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڵگەی لەسەر، کوژرانی ٣٧ منداڵ و برینداربوونی ٢٨ی دیکەش لە ئەنجامی گوللـەی هەڕەمەکی و ڕووداوە بەڕێکەوتەکان، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چەک و موشەک بە دەستی هاوڵاتییان.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ٢٤ی ئاب لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی کاتی سووریا ٣٠ منداڵ کوژراون و ٢٤ منداڵیش بریندار بوون، لە ناوچەکانی دیکەش حەوت منداڵ گیانیان لەدەست داوە و چواری دیکەش بریندار بوون، هەروەها ئەم ژمارانە تەنها ئامارێک نین، بەڵکو نوێنەرایەتی چیرۆکی ئەو منداڵانە دەکەن کە گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون کە دەکرا بە ڕێوشوێنی توندتر بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی چەک و تەقەمەنی و بەرزکردنەوەی ڕێکارەکانی ارێزراوی و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی بەتایبەتی منداڵان ڕێگرییان لێ بکرایە.
جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم ژمارانە تیشک دەخەنە سەر پێویستی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی بەربڵاوی بەردەستبوونی چەک وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی منداڵان، کارکردن بۆ سنووردارکردنی هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون، هەروەها ڕێگریکردن لە کەوتنەخوارەوەی موشەک و تەقەمەنی بە دەستی منداڵان، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم جۆرە ڕووداوانە، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، داواکارییەکەی دووپاتکردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی خۆپارێزی لە دژی ئەو کەسانە بگرنەبەر کە چەک هەڵدەگرن و بەکارهێنانی چەکی ئاگرین لە ئاهەنگەکاندا قەدەغە بکەن و هەڵمەتەکانی هۆشیاری بۆ ڕاگرتنی دیاردەیەک کە پەیوەندی بە تەقەی ئاهەنگگێڕانەوە هەبووە، بۆنەی سەرکەوتن و خۆشی بگۆڕن بۆ دیمەنی دووبارەبوونەوەی برینداربوون و زیانبەرکەوتووان.