گروپی داکۆکیکاری دارفور ئیدانەی پێشێلکاری دژی ژنان لە دارفور دەکات
لە نێو بێدەنگیی نێودەوڵەتیدا، گرووپی داکۆکیکاری دارفور ئیدانەی ئەو پێشێلکارییانەی کرد کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە دژی خەڵکی مەدەنی و بەتایبەت ژنان ئەنجامیان دا و داوای پاراستنیان کرد لەو توندوتیژی و پێشێلکاریانەی کە لەو وڵاتەدا بەدی دەکرێت.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250217-jpg326efa-image.jpg)
سودان
هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامن لە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلکاری بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی، بە شێوەیەکی سیستماتیکی ژنان دەکەنە ئامانج، ئەمەش پێویستی بە دەستوەردانی نێودەوڵەتی و سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەدا هەیە کە دەستیان لەم تاوانانەدا هەیە.
ڕۆژی ١٦ی شوبات، گرووپی داکۆکیکاری دارفور لە ڕاپۆرتێکدا ئەو پێشێلکارییانەی کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە کامپی زمزم بۆ ئاوارەکان و بەشێک لە گوندەکانی شاری فاشر، پایتەختی ویلایەتی دارفور لە ڕۆژئاوای سودان ئەنجامدراون، وەک لەسێدارەدانی مەیدانی و دەستدرێژی دڕندانە، ئیدانەی کرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی گروپی داکۆکیکاری دارفور، هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ڕۆژانی ١١و ١٢ی شوبات هێرشی توندوتیژییان کردە سەر کامپی زمزم بۆ ئاوارەکان، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە ٦ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش برینداربوون، هەندێکیان لەناویاندا ژنان هەن، هەروەها حاڵەتەکانی دەستدرێژیی دڕندانە بۆ ژنان لە هەندێک لە گوندەکاندا بەڵگەدار کردووە و لە ناو شاری فاشر.
ڕوونیشیکردەوە، ئەم تاوانانە بەشێوەیەکی سیستماتیک ژنان دەکەنە ئامانج لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی ئاوارەبوون و بڵاوکردنەوەی تیرۆر لە ناو خەڵکی مەدەنیدا، بەو پێیەی هێرش بۆ سەر گوندەکانی ڕۆژئاوای فاشر لە ناویاندا گوندی سەلوما دەستیپێکردووە، ئەمەش بووە هۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خەڵکی مەدەنی بۆ ناوچە دوورەدەستەکان بەبێ خۆراک و شوێنی حەوانەوە، ئەمە جگە لە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و مەترسی هێرشی چەکداری و نەبوونی هیچ پارێزگارییەک.
گروپی داکۆکیکاری دارفور داوای بەهێزکردنی پاراستنی ژنانی ناو کامپەکان و ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە ڕێگەی تیمەکانی پاراستنی تایبەت و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە پاڵپشتی دەروونی و پزیشکی بۆ قوربانییەکان و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی، لەوانە بەهێزکردنی میکانیزمەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و دەستێوەردانی خۆپارێزی بۆ وەستاندنی هێرشەکانی داهاتوو کرد.
جەخت لەسەر سەپاندنی سزای خێرا کرایەوە بەسەر ئەو سەرکردانەی دەستیان لەم تاوانانەدا هەیە، دڵنیابوون لەوەی کە ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکان لە سزا ڕزگاریان نابێت، هەروەها کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی سەلامەت دەستبەجێ بۆ گەیاندنی هاوکاری بەپەلە بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی و ئاوارەکان کە ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت دەبنەوە لە کامپەکان و ناوچە زیانلێکەوتووەکان.