سەمسور، دوای ٢٠٧ کاتژمێر ژن و منداڵێک ڕزگار کران

دوای تێپەڕینی ٢٠٧ کاتژمێر لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، ژن و منداڵێک لە هەمان شوقەی ناوچەی ئەلیتاش بە زیاندووی ڕزگار کران.

ناوەندی هەواڵ

 

بوومەلەرزەکانی ٦ی شوبات و ڕۆژانی دواتر ژیانی ملیۆنان کەسی خستە مەترسییەوە، بوومەلەرزەکە ناوەندەکەی مەڕەش و دیلۆک بوو، بەڵام زیانی لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سوریا لێکەوتەوە، بەپێی داتا نافەرمییەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەی سەمسور گیانیان لەدەستداوە، ١١ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، لە شارۆچکە و گوندەکانی سەر بە سەمسور نزیکەی دوو هەزار باڵەخانە وێران بوون، بەپێی داتا یەکەمییەکان، زیاتر لە هەشت هەزار باڵەخانە وەک "باڵەخانەی زۆر زیانلێکەوتوو" دەستنیشانکراون.

 

ئۆپەراسیۆنی گەڕان لە شارەکەدا بەردەوامە و دوای زیاتر لە ٩ ڕۆژ دەیان تەرم لە وێرانەکان دەرهێنران و دوای توێکاری لە ٣ گۆڕستانی جیاوازدا بە خاک سپێردران.

 

تا ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار و ٥٠٠ تەرم لە گۆڕستانی یەنی بەخاک سپێردراون و زیاتر لە هەزار تەرم لە گۆڕستانی قەرەپینار بەخاک سپێردراون، زیاتر لە هەزار تەرم لە گۆڕستانی کۆنی شار بە خاک سپێردرا و سەدان تەرم لە گوندەکاندا بە خاک سپێردرا، هەروەها دەیان تەرمیش ڕەوانەی شارەکانی دیکە کراون.

 

لەگەڵ تێپەڕینی زیاتر لە ٢٠٧ کاتژمێریش ئومێدی ژیان بۆ بەشێکی خەڵکی ژێر پەردووەکان لەناو نەچووە و لە ئۆپەراسیۆنەکاندا چەندین کەس بە زیندووی ڕزگارکراون، دوێنێش لە سەمسور ژنێک و منداڵێک بە زیندووی ڕزگارکراون.

 

ئۆپەراسیۆنی گەڕان و فریاگوزاری لە سەمسور بەردەوامە، لە دوای ٢٠٧ کاتژمێر لە ناوچەی ئەلیتاش لە سەمسوری باکووری کوردستان، بەرائەت یوجەلی تەمەن ١٢ ساڵ، دوای بە زیندووی لە وێرانەکانی شوقەی مەرڤە ڕزگارکرا، دوای ئەویش لە ٢١٠ کاتژمێر دوای بوومەلەرزەکەدا، لە هەمان شوقەدا، فاتمە گونگۆری تەمەن ٧٧ ساڵ بە زیندووی ڕزگار کرا، کە لە نهۆمی یەکەمی شوقەیەکی ٦ نهۆمیدا بووە، دوای ڕزگار کردنیشی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.