عێراق، لە ماوەی شەش مانگدا ٣٢٧ ژن دەستدرێژییان کراوەتە سەر

بەپێی ڕاپۆرتێکی بەشی ڕووداوە سێکسییەکان لە بەشی پزیشکی دادیی نەخۆشخانەکانی پارێزگاکانی عێراق دەریخستووە، لە ماوەی شەش مانگدا ٣٢٧ ژن ڕووبەڕووی دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی بوونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی بەشی ڕووداوە سێکسییەکان لە بەشی پزیشکی دادیی نەخۆشخانەکانی پارێزگاکانی عێراق، دەرکەوتووە؛ لە ماوەی تەنها شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ (٤٢١) کەس بوونەتە قوربانی دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی، لەو ژمارەیەش (٣٢٧)ـیان لە ڕەگەی مێ و (٩٤)ـشیان لە ڕەگەزی نێرن.

 

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەشێوەیەکی گشتیی لەلایەن تیمێکی پسپۆڕی پزیشکییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕزگاربووان دەکرێت، ئەوەش بەهۆی گرنگیی و تایبەتی کەیسەکانەوە.

بەشی ڕووداوە سێکسییەکان، مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی دەکات دژی مناڵان و گەورەساڵان لە هەر ڕەگەز و تەمەنێکدا بێت.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی ژنان بە گشتیی و ژنانی ڕزگاربووی توندوتیژیی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت بڵاوکردووەتەوە، تێیدا باس لەوە دەکات، ئەو ژنانەی ڕزگاربووی توندوتیژییە خێزانیەکانن لە دۆخێکی ترسناک دا دەژین و ‘بەدەگمەن‘ لە دوای تۆمارکردنی سکاڵا دادپەروەریی وەردەگرن.

ڕوونیکردووەتەوە، ئەو ژنانەی سکاڵا تۆماردەکەن، لە دوای تۆمارکردنی سکاڵاکانیان لە لایەک ڕوووبەڕووی تۆڵەسەندنەوە، هەڕەشە و تۆقاند لەلایەن سکاڵا لێکراوەکەوە دەبنەوە، لەلایەکیش لەلایەن دادوەرانەوە توشی ئاستەنگی دەبن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها ئاماژە بە ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدراڵی دراوە، کە تێیدا دەڵێت: لە کۆی نزیکەی ١٤ هەزار سکاڵا، کە لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە تۆمارکراون و زۆرینەیان ژنان تۆماریانکردوە، تەنها تۆمەتبارانی نزیکەی ١٠٠ دۆسییە سزادراون، لەبەرامبەر دا نزیکەی سێ هەزار کەس کە تۆمەتباربون بە کەفالەت ئازادکراون، هەروەک نزیکەی (چوار هەزار و ٥٠٠ دۆسییە)ـیان بە سوڵحی عەشایەری چارەسەرکراون.