یەک لەسەر سێی ئاوارەکانی ناوخۆی یەمەن لە مەترسیدان

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتیکردەوە زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئاوارەکان واتە یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە مەترسییەکی زۆردان و پێویستیان بە پێداویستییە مرۆییەکان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاوارەبوون، شەڕ، کارەساتە سروشتییەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا، وەک لافاو، هەموو ئەو هۆکارانەی کە ئازارەکانی هاوڵاتیان لە یەمەن گەورەتر دەکەن و وایکردووە زۆر پێویستیان بە پێداویستییە سەرەتاییەکان هەبێت.

 

دوێنێ، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئاوارە ناوخۆییەکانی یەمەن بەهۆی نەبوونی شوێنی حەوانەوە و پێداویستییە سەرەتاییەکانیانەوە مەترسییان لەسەرە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسی ئاوارە ناوخۆیی لە یەمەن لە لێواری خراپی ژیاندان، بێ پەناگەن و خاوەنی هیچ کەرەستەی سەرەتایی نین، کە دەکاتە ٪٣٨ی کۆی گشتی ئاوارەکان، کە دەکاتە زیاتر لە ٤.٥ ملیۆن کەس، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە قەیرانی مرۆیی لەو وڵاتدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت.

 

UNHCR ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی پلانی وەڵامدانەوەی مرۆیی ئەمساڵ، پەناگە و خۆراک پێویستی بە بودجەی ١٦٠.٥ ملیۆن دۆلار هەیە بۆ ئەوەی بگاتە یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە کۆی ٦.٧ ملیۆن کەس کە پێویستیان بە شوێنی حەوانەوە و کەلوپەلی ناخۆراکی هەیە.