دایکانی ئاشتی لە ئێران داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکەن

دایکانی ئاشتی لە ئێران داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکەن، جەخت لە لێکەوتەکانی شەڕ بۆ هاووڵاتییان و بەتایبەت ژنان و منداڵان دەکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

گروپی دایکانی ئاشتی کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکوان لە پێکهاتە جیاوازەکانی گەلانی ئێران بە ئامانجی پاراستنی نیشتمان و وەستانەوە دژی شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی و دادپەروەری و دیموکراسی پێکهێندرا لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای کۆتاییهێنانن بە شەڕ دەکەن.

 

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: داوای کۆتاییهێنان بە دەستبەجێی شەڕ و گەڕانەوە بۆ چارەسەری دیپلۆماسی دەکەین، هەروەها لە ڕێگەی دانووستان و داڕشتنی پلانێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا هەوڵەکان بدرێت، هەروەها جەخت لەسەر ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشداریی خەڵک لە پێکهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام دەکەینەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، داوا لە دامەزراوە مەدەنی و سیاسییەکان، هونەرمەندان، ئەکادیمیستەکان، بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین لە بەرامبەر بەردەوامیی هێرشەکان و لێکەوتە مرۆییەکانیان بێدەنگ نەبن و هەنگاو بنێن بۆ وەستاندنی ململانێکان، لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا بە ئاماژەدان بە ئاکامەکانی شەڕ بۆ هاووڵاتییان و بەتایبەت ژنان و منداڵان، جەخت لەوە کراوەتەوە، خەڵکی ئێران قوربانیی سەرەکیی ئەو ململانێیانەن و کاریگەرییەکانی لە دوای قۆناغی جەنگیش بەردەوام دەبن.

 

بۆ ماوەی ٣٩ ڕۆژ جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران بەردەوام بوو و لە ٤٠ـەمین ڕۆژی هێرشەکاندا ئاگربەستیان ڕاگەیاند، بەڵام لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە، ململانێ سەربازییەکان لە ناوچەکان دەستیان پێ کردەوە.