"هەزاران منداڵ لە غەززە پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە"

نووسەر تەمارا ئەلحەداد ڕایگەیاند، هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ئەم تەمەنەی مرۆڤایەتی کورتتر کردووەتەوە و هەزاران ژن و منداڵی دووگیان پێویستیان بە دەرزی و چاودێری پزیشکی هەیە.

ڕەفیف ئەسلیم

 

غەززە-هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامن، تەمارا ئەلحەداد، توێژەر و چالاکوان سەبارەت بە ئەنجامی شەڕەکە قسەی بۆ دەزگاکەمان کردو ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی شەڕەوە هەزاران منداڵ لە غەززە بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە گیانیان لەدەستداوە، زستان لە پێشە و خەڵک ناتوانن خۆیان لە بارودۆخی زستان بپارێزن، ئەو چادرانەی کە هەن داندراون بۆ وەرزی زستان واتە بۆ باران و قوڕ و با، هەروەها لەوانەیە بەهۆی سەرماوە گیان لەدەستدان لە چادرەکاندا ڕووبدات.

 

" ئیسرائیل ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە"

 لە درێژەی قسەکانیدا، تەمارا ئەلحەداد ڕایگەیاند کە لە کاتی شەڕدا، هاوکارییە مرۆییەکان کە دەگاتە ناوچەکە سەرەتا دەگەیەندرێتە خەڵکی سڤیل وتیشی: لە غەززە ژێرخان و باڵەخانە و شەقامەکان وێران بوون، یارمەتی مرۆیی ناتوانێت بگاتە دەستی خەڵکی سڤیل، ئیسرائیل سەرەڕای داواکاری و بیانووەکان ئاگربەستەکە ڕەتدەکاتەوە، چونکە ئاگربەست بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ ئەوەی فەلەستینییەکان لە ڕووی سەربازییەوە خۆیان کۆببنەوە,  بزووتنەوەی حەماس پێویستییەکانی خەڵک لەبەرچاو ناگرێت و ئامانجی سەرەتایی نەهێشتنی بوونی سەربازی ئیسرائیلە لە غەززە، سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتی و مرۆییەکانەوە پێدەچێت ململانێکان بەردەوام بن، ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، گرنگی ئاگربەست بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی زیاتر دەبێت کە ناتوانن بگەنە ماڵ و حاڵی خۆیان.

 

"هەزاران منداڵ پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە"

 تەمارا ئەلحەداد باسی لەوەشکرد، هەزاران ژن بەهۆی شەڕەوە هاوسەرەکانیان لەدەستداوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو ژنانەی هاوسەرەکانیان لەدەستداوە، ناچاربوون بەتەنها بارگرانی ماڵەکە هەڵبگرن، هەزاران ژنی دووگیان و منداڵ پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە، ئیسرائیل شەو و ڕۆژ هێرش دەکات، بەتایبەتی لە شوێنە قەرەباڵغەکان. بەهۆی دەنگی بۆمب و فیشەکەوە باری دەروونی منداڵان و ژنان تێکچووە، بوونی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە شەودا دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لای خەڵک.

 

"دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان قورس دەبێت"

 تەمارا ئەلحەداد ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئاگربەست ڕووبدات، هەزاران منداڵ لە غەززە دەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، هێزەکانی ئیسرائیل زۆربەی ناوەندەکانی خوێندنیان کردە ئامانج، چ قوتابخانە و چ زانکۆکان، پێش شەڕەکە ڕۆژانە ٦٠٠ بارهەڵگر لە کەرتی غەززە دەپەڕینەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتوانی شارەکە، بەڵام ئێستا ڕۆژانە تەنها ١٠ بارهەڵگر یان لە باشترین حاڵەتدا ٢٦ بارهەڵگر دەچنە ناو کەرتی غەززە، خەڵک ناتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان وەک جل و بەرگ و پێڵاو و خواردن لە بازاڕەکاندا بەدەستبهێنێت.

 

"دۆخی جینۆسایدی سیستماتیکی هەیە"

لە کۆتایی قسەکانیدا تەمارا ئەلحەداد ڕایگەیاند، هەرچی ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕەوە کردوویەتی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، پچڕانی ئاگربەستە مرۆییەکان و کۆمەڵکوژی سیستماتیکی بۆ ئەم پێشێلکارییانە زیادکران.