"لە یاساکانی دەوڵەتدا هێرشێکی ئایدیۆلۆژیی بۆ سەر ژنان دەکرێت"

ئەڤین جومعە، ئەندامی جێبەجێکاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی هەرێمی جزیرە، هێرشەکانی دەسەڵاتی لە دژی بوون و ناسنامە و ئیرادەی ژنان هەڵسەنگاند وتی: دەوڵەت لە ڕێگەی یاساکانەوە بوون و ناسنامەی ژنان لەناو دەبات.

ڤیان ئامەد

 

قامیشلۆ- سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری خۆی لەسەر لەناوچوونی کۆمەڵگە بونیاد دەنێت و ڕەوایەتی بە سیستمی تاکەکەسی دەدات، هەروەها بە تێکشکاندنی بەهاکانی ژنان سیستمی دەوڵەت و ڕەگەزگەرایی و ئاین پەرست و نەتەوەپەرستی خۆی بونیاد دەنێت و خۆی بەسەر کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسیدا دەسەپێنێت، لە ڕێگەی یاساکانی دەوڵەتەوە بیرو لاشەی ژنان ڕەچاو ناکرێت و لەناو دەبرێت، ئەڤین جومعە، ئەندامی جێبەجێکاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی هەرێمی جزیرە بۆچوونی خۆی لەو بارەیەوە خستەڕوو.

 

"ژن هێمای ئاشتی و زانستە"

ئەڤین جومعە دەربارەی دوژمنایەتیی وشیاریی دەوڵەت- پیاو بەرامبەر بە ژنان وتی: دەوڵەت لەسەر بنەمای دەسەڵاتە بۆیە هەمیشە دەیەوێت بەپێی بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگە بەڕێوەببات بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بخاتە ژێر سەروەری خۆیەوە، پیشەنگ و ئافرێنەری کۆمەڵگە دەکاتە ئامانج، لە کەسایەتییاندا ڕێکخراوبوون و پەروەردە هەیە و ژنان ئایندەی خۆیان دەکەنە جیهانیی و پەروەردەیان دەکەن، ئەم دروستکردنەی ژنان لەگەڵ دەوڵەتدا نییە، بۆیە ژنان لە بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێنن، ژنان نیشانەی ئاشتی و زانستن، لەبەر ئەوە دەوڵەت ژنانی ئازاد لە دژی بەرژەوەندییەکانی دەبینێت و هەمیشە دەیەوێت کۆیلەیان بکات.

 

سیستمی دەوڵەت دژی بوونی ژنانە

ئەڤین جومعە هێرشەکانی سەر ژنانی بەم شێوەیە هەڵسەنگاند، "سیستمی دەوڵەت بە هەموو توانایەوە هێرش دەکاتە سەر بوون و ناسنامەی ژنان، هەروەها بە یاساکانی خۆی پێوەرەکانی ئایین و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی بەسەریدا دەسەپێنێت و هێرش دەکاتە سەر ئیرادەی ژنان، ژنان وەک شەرەفی کۆمەڵگە دەبینرێن و لە هەموو بوارێکدا دەخنکێندرێن،  ڕەنگ و دەنگی ئەوان بە پەڕەی ڕەش داپۆشراوە و داوا و تێڕوانینیان قەدەغەیە، هاوکات سیستمی دەوڵەت بە یاساکانی خۆی ژن دەکوژێت، دەوڵەت بۆ بەردەوامی دان بە سیستمەکەی پیاو وەک دوژمنی ژنان پەروەردە دەکات، ئەم تێگەیشتنە لە هەموو جیهاندا بە شێوازی جیاواز پەیڕەو دەکرێت".

 

"هێزەکانی داعش و تاڵیبان بەرهەمی تێگەیشتنی دەوڵەتی پیاون"

ئەڤین جومعە ئاماژەی بەوەکرد کە تێڕوانینی دەوڵەت چەتەی وەک داعش و تاڵیبانی دروست کردووەو وتی: چەتەکانی داعش و تاڵیبان بەرهەمی تێگەیشتنی دەوڵەت- پیاون، ئەو هێزە تیرۆریستیانە بە تایبەتی دژ بە بوون و ناسنامەی ژنانی ئازاد دامەزراون، چەتەکانی داعش و تاڵیبان بە هۆی تێگەیشتنی دەوڵەت- پیاوەوە دامەزراون، بە هیچ شێوەیەک مافی ژنان بۆ ژیان قبوڵ ناکەن و بە دوژمنایەتییەکی گەورەوە لێیان نزیک دەبنەوە. دەوڵەت دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو چەتانەوە هێرش بکاتە سەرمان و کۆمەڵگە بترسێنێت، ئەم سیاسەتە پیسە بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکاردێت، لە بەشەکانی دیکەی جیهان لە ڕێگەی ئازادیی تاکەکەسی و سێکسییەوە دەیەوێت ژنان لە بوون و ناسنامەی ئازادی خۆیان دوور بخەنەوە.

 

"دەوڵەت لە ڕێگەی یاساوە ژنان لەناو دەبات"

ئەڤین جومعە، ئاماژەی بەوەدا، کە دەوڵەت بە یاسا ڕێگەی بۆ کوشتنی ژنان کردووەتەوەو وتی: لە کوردستان ژنان بە یاسای دەوڵەت کۆمەڵکوژ دەکرێن، دەستدرێژییان دەکرێتە سەر، ئەشکەنجە دەدرێن و دەستگیر دەکرێن، لە وشیاری دەوڵەتدا هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا بە ڕێگەپێدراو پیشان دەدرێت، ئەمە سیاسەتێکی تایبەتە لە دژی بوونی ژنان، لە هەمان کاتیشدا کوشتنی ژنان بە یاسا ڕەوایەتی پێدراوە، کە هەموو جیهان لە کەسایەتی ژینا ئەمینی بینیویەتی لەباکوری کوردستان بەهەزاران ژن بەپێی یاسا دەستگیرکراون و لەزیندانەکاندا ئەشکەنجە دەدرێن و توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، چەندین ژن هەن کە لەلایەن پۆلیس و شارەزایانی دەوڵەتەوە بێزارکراون و ژمارەیەکی زۆریان کوژراون واتە کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە، لە باشوری کوردستان و سوریاش هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا و خەتەنەکردنی کچان ڕەوایەتی پێدەدرێت، ئەم هێرشە دڕندانەیە هەموویان لەسەر بنەمای ڕەگەزگەرایی و دڕندەیی دەوڵەتن.

 

"یەکێتی و یەکگرتنی ژنان سەردەکەوێت"

ئەڤین جومعە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە یەکێتی و یەکڕیزیی ژنان سیستمی دەسەڵات دەبەزێنێت و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وڵاتەکەمان لەژێر دەسەڵاتدایە و ژنان توندوتیژیان لەسەرە، بەڵام ژنان پێگەیان هەیە و هیچ دەسەڵاتێک بەسەر خۆیاندا قبوڵ ناکەن، بۆیە کاتێک ژنێک لە بەرامبەر دەسەڵات ڕادەپەرێت، ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە، ئەم هێرشە سیاسەتێکی تایبەتی دەسەڵاتە خۆی لە ناو کۆمەڵگەدا بە بێ باوەڕیی و بێ زانستی بونیاد دەنێت و ڕێکیدەخات، بەڵام ژنان ئیرادەیان هەیە و بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دژی هەموو زوڵمێک تێدەکۆشن و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بونیاد دەنێن، یەکێتی و یەکڕیزیی ژنان سەردەکەوێت.