ئەو ژنانەی لە بوومەلەرزەکە ڕزگاریان بووە ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە

زۆرێک لە ژنانی ئیدلب ترسیان لە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان هەیە، بەهۆی ئەوەی ماڵەکانیان بە کاریگەری بوومەلەرزەکە درزی بردووە و زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە، لە هەر کاتێکدا ڕەنگە بڕووخێت بەسەریاندا.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- سەدان ژن کە لە بوومەلەرزە گەورەکەی باکووری سوریا ڕزگاریان بووە، لەگەڵ ئازاری لەدەستدان و مەترسی پەنابەریدا لە دۆخێکی سەختی دەروونیدا دەژین، ئاستەنگەکانیان دوو هێندە زیادیکردووە و چەندین کێشەی دەروونی دروستکردووە.

 

دوو منداڵەکەی لە ژێر داروپەردوودا مانەوە

ڕانیا ئەحمەد، تەمەنی ٢٨ ساڵە و پەنابەرێکی خەڵکی شاری سەرمەدە و ئێستا لە باکووری ئیدلب نیشتەجێیە، لە ئەنجامی وێرانکردنی ئەو بینایەی کە تێیدا دەژیا، دوو منداڵەکەی گیانیان لەدەستدا، هەربۆیە کێشەی دەروونی بۆ دروستبووە و تەنانەت هەوڵی خۆکوشتنی داوە،

 

ڕانیا ئەحمەد دڵتەنگی خۆی بەو وشانە دەربڕی و وتی: زۆرجار دەبینیت منداڵەکانت چۆن لە ژێر داروپەردوودا لەبەردەم چاوتدا دەمرن و تۆ ناتوانیت هیچ بکەیت، دوو منداڵم لەژێر داروپەردوودا مانەوە، ئێمە لە دۆخی پەنابەریدا دەژین، ئەمە دۆخێکی دەروونی زۆر خراپی دروستکردووە، لە کامپەکاندا ژیانیان زەحمەتە و هیچ پێداویستییەکی سەرەتایی لە کەمپەکاندا نییە.

 

لە بوومەلەرزەکەدا زۆر کەسی خێزانەکەم گیانیان لەدەستدا

هودا حەلاق تەمەنی ٢٤ ساڵە، لە بوومەلەرزەکەدا خێزانەکەی لە شارۆچکەی بسنیە لە باکووری ئیدلب گیانیان لەدەستدا، ساتە بە ئازارەکانی بەبیردێتەوە و دەڵێت: دەنگی داڕمانی باڵەخانەکان زۆر ترسناک بوو، هەوڵماندا بیناکە بەجێبهێڵین بەڵام وێرانبوونی دیوارەکان ڕێگریان لێکردین، تیمەکانی فریاکەوتن دوای ٥ کاتژمێر لە ژێر داروپەردووەکان دەریانهێنام، بەڵام زۆر کەسی تر گیانیان لەدەستدا لەو ڕووداوەدا، مەرگ لە ژیانم باشترە، دوای مردنی دایک و باوک و سێ برا و هاوسەر و منداڵەکانم من چۆن بژیم.

 

"پێویستە پاڵپشتی دەروونی بدرێتە کچان و ژنان"

ڕوعا ئەلوافی تەمەن ٣٥ ساڵە و چالاکوانێکی بواری بەهێزکردنی ژنانە، دووپاتی دەکاتەوە کە پێویستە پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەو کچ ژنانە دابینبکرێت کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا خێزانەکانیان لەدەستداوە، تا قەیرانە دەروونییەکان تێبپەڕێت.