باکووری کوردستان، لە گوندێکدا ١٥٠ کەس لەژێر وێرانەدان و ١٢٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە

لە گوندی کولـلەری ناوچەی نورهەق ١٥٠ کەس لە ژێر وێرانەکاندا ماونەتەوە، ١٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و گوندەکە بە تەواوی لەناوچووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٦ی شوباتدا بە گوڕی ٧.٧ و ٧.٦ پلە بوومەلەرزە لە شاری مەڕەش ڕوویدا و ١٠ شاری باکووری کوردستان و تورکیای گرتەوە، لە ناوچەی نورهەقی مەڕەش لانیکەم ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکەش ئێشتا لەژێر پەردوودا ماونەتەوە.

 

گوندی کولـلەری سەر بە نورهەق لە شاری مەڕەش، لە دوو ڕۆژی یەکەمی بوومەلەرزەکەدا بەهۆی نەبوونی ڕێگەوە هیچ کەسێک بۆ هاوکاری نەگەشتە گوندەکە و ١٥٠ کەس لە ژێر خانووە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی خەڵکی گوندەکە داویانە، لانیکەم ١٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٦٠ کەسیش لەژێر وێرانەکاندا ڕزگارکراون، هەروەها سەدان ئاژەڵی ئەو گوندە لە ژێر داروپەردوودا گیانیان لەدەستداوە.

 

لەو گوندەدا کە جگە لەو خەڵکەکەی کەسی دیکەی تێدانییە، چاوەڕێی هاوکارین بۆ لابردنی پەردووەکان و دەرهێنانی ئەوانەی لەژێرەوەدا ماونەتەوە، ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت لەو گوندەدا کە ئاو و کارەبای تێدا نییە، بگوێزنەوە ناوچەیەکی ئاوەدان، ناچارن ئاژەڵەکانیان بە نیوە نرخ بفرۆشن.