ئێران چالاکوانان بێسەروشوێن دەکات

لە درێژەی خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ڕژێم هەوڵی سەرکوتکاری دەدات و چالاکوانان بێسەروشوێن دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕینی گەل بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد و تا ئێستا بەردەوامی هەیە، بە وتنەوەی دروشم، ئاگر کردنەوە، ڕژانە شەقامەکان و نووسینی سەر دیوار گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران پەیامی بەردەوامی تا سەرکەوتن دەدەن، ڕژێمی ئێرانیش بۆ سەرکەوتی خۆپیشاندەران، دەستگیریان دەکات، سزایان بەسەردا دەسەپێنێت و بێ سەروشوێنیان دەکات.

 

 

پەروانە کدخود قەمسەری، دایک و تاکە سەرپەرشتیاری منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان، لە ١٥ی کانوونی یەکەمدا هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و دەستبەسەریان کرد، دواتر بۆ زیندانی ئەڤین گوازرایەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی پەروانە نییە.

 

باس لەوەشکراوە، دوای دەستگیرکردنی، لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین ئاگادار کردووەتەوە و دوای تێپەڕبوونی مانگێک، هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخی ئێستای و ئەو تۆمەتانەی کە بڕیارە بخرێنە پاڵی نییە.

 

دوێنێ، ٢٤ی کانوونی دووەم، شیلان ڕەشیدزادە، خوێندکاری ژمێریاری زانکۆی پەیام نور لە سەقز و چالاکوانی ژینگەپارێز و ئەندامی "کۆمەڵەی هیوای زانست"ی شاری سەقزە، ٣ی کانوونی دووەم لە کاتی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کتێبخانەی "ژیلا حوسێنی" لە شاری سەقز بەبێ فەرمانی دادگا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتەوە دەستبەسەر کرا.

 

شیلان بۆ ناوەندی زیندانی چاکسازی شاری سنە ڕاگوێزرا، دوای ٢٠ ڕۆژ بە کەفالەت و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا تا کۆتایی دانیشتنەکان.

 

نەغمە ڕەجەبیفەر، خۆپیشاندەر کە لە تاران لە ماڵەکەی تردا دەستبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاوکاری دژی ڕژێم" لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابەوە بە ٢ ساڵ زیندان سزادرا، وەک سزایەکی زیادە، سزای ٢ ساڵ قەدەغەکردنی دەرچوون لە ئێران، ٢ ساڵ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مۆبایلە زیرەکەکان، هەروەها ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی دەستنووس لەسەر گەندەڵی و تاوانەکانی ڕژێمی پەهلەوی بەسەردا سەپێنراوە.