“ڕۆژئاوا تەنیا نییە، باشوور پشتیوانییە”
لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەریی کامپەینی ژنان بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان، گردبوونوونەوەیەک بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرا.
سلێمانی
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ، لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەری کامپەینی ژنان بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردسان، بە بەشداری بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوان و کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی، گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرا.
لە سەرەتای چالاکییەکەدا کۆمەڵێک دروشم وەک پیشاندانی پشتیوانی گەلی باشوور بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن ئامادەبووانەوە وتران، لەوانە: "یەکە یەکە، یەکە، گەلی کورد یەکە"، "ڕۆژئاوا خەمتان نەبێ، باشوور لەگەڵتانەبێ" و "ئەردۆغان باش بزانە، کۆبانێ شکۆمانە" و هتد... لە دواتردا ڕاگەیەندراوی کامپەینی ژنان بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان، لەلایەن ئامینە ئەحمەد، چالاکوان و ئەندامی کامپەینەکە خوێندرایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە درابوو کە وێڕای ئەوەی بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا خەونیان بە ژیانێکی خۆش و سەقامگیرەوە دەبینی، بەڵام بەبۆنەی ڕووداوەکانی ئەم دواییە و هێرشی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەریی تورکیا ئەم خەونە لەناوچوو. هەروەها باس لەوەش کرابوو کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە تایبەت کورد و ئەو خۆبەڕێوەبەرییەی ڕۆژئاوا بە ئامانج دەگرێت و دەست لە هیچ تاوانێک ناپارێزێت و ژنانیشی بەتایبەت کردووە به ئامانج و هێرشەکان شەرمەزار کرابوون.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە هەموو هێزە کوردییەکان کرابوو کە نەکەونە داوی پلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکیا و سنوری سمێڵکا بەڕووی کوردانی ڕۆژئاوایا بکەنەو، هەروەها داواش لە گەلی باشوور کرابوو پشتیوانییان بۆ ڕۆژئاوا بەردەوامی پێبدەن.
"دەبێت سنوری سمێڵکا بکرێتەوە"
بێخاڵ سابر، چالاکوانی سیاسیی، لەبارەی گردبوونەوەکەوە بۆ ئاژانسی هەواڵیمان قسەیکرد و وتی: گردبوونەوەکە بە مەبەستی ئیدانەکردنی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هەروەها کردنەوەی سنوری سمێڵکایە بەڕووی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستاندا.
هەروەها لەبارەی هێرش و بەئامانجگرتنی ڕۆژناماوانانیشەوە وتی: دەبێت هێرشەکان ڕابووەستێت بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان، ئەوان بە کامێرا و قەڵەمەکانی دەستیان خەریکی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانن.
لە دواتردا بە بەرزکردنەوەی وێنەکانی ڕۆژئاوا و بەدەنگی بەرز وتنەوەی هەر یەک لە دروشمەکانی، "ژن، ژیان ئازادی" و "ڕۆژئاوا تەنیا نییە، باشوور پشتیوانییە" و "ئازارمان هەمووی یەکە، بیکەنەوە سمێڵکا" لەلایەن چالاکوانانەوە، بە دەم ڕێپێوانەوە کۆتایی بە چالاکییەکە هێندرا.