"بەیەکەوە سووریایەکی ئازاد و دیموکراسی بنیات دەنێین"

فەرید زەکەریا، ئەندامی ئەنجومەنی هەماهەنگی شەهید شیلان کۆبانی لە شاری حەلەب ڕایگەیاند، ڕێگای سەرکەوتن یەکڕیزییە و لە ڕێگەی خەباتی ڕێکخراوی ژنانەوە سووریایەکی نوێ بنیاد دەنرێت.

دڵپاک داغ

 

حەلەب- ژنانی نیشتەجێی قەڵای بەرخۆدانی گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەب، بە سەرپەرشتی ئەنجومەنی شەهید شیلان کۆبانێ، کە لە ساڵی ٢٠١٨ دامەزراوە، دەیان کۆمۆنیان دروستکرد، فەریدە زەکەریا، ئەندامی ئەنجومەنەکە باسی لە گرنگی ڕێکخستنی هاوبەشی گەلان کردەوە بە پێشەنگایەتی ژنان و وتی: ئەو ژیانەی لە ژێر سایەی ژناندا بنیادنراوە، دەکرێتە ئامانج و ڕێکخراو و چەتەکانی جیهادی هەوڵی لەناوبردنی ئەم سیستەمە دەدەن.

 

"لە بەرزترین ئاستدا بەرخۆدانمان ئەنجامدا"

فەریدە زەکەریا بەبیری هێنایەوە کە بەهۆی پێشەنگایەتی گەلەوە، چەتەکانی تەحریر شام و جیهانییەکان نەیانتوانی بچنە ناو گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب، چونکە گەل نە ڕژێمی بەعس و نە سەپاندنی چەتە دواکەوتووەکان قبوڵ ناکەن، گەل لە ٢٠١١ەوە بەرامبەر بە ڕژێمی بەعس بەرخۆدان دەکەن، لە ساڵی ٢٠١٢ەوە هاوڵاتیانی دانیشتووی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە پێکەوە ژیان بەسەر دەبەن، پێکەوە شێخ مەقسود و ئەشرەفیەمان کردە قەڵای بەرخۆدان. بە هەموو هاودەنگییەکی گەل لە گەڕەکەکاندا، بەرخۆدانمان زیاتر کرد.

 

"ڕژێمی سووریا ڕووخا چونکە دیموکراسی نەبوو"

فەریدە زەکەریا ڕایگەیاند کە چەتەکان بە ناوی جیاواز دەستیان کردووە بە هێرشکردنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ژنانیش بەرخۆدانێکی گەورە بەڕێوە دەبەن، وتیشی: نابێت کەس ئەوە لەبیر بکات، ڕژێمی سووریا ڕزیو بوو، دیموکراسی نەبوو، لەگەڵ ژن و خەڵکدا نەبوو، لە دوای ڕژێمیش ئێمە کردەوەکانی چەتەکانی تەحریر شام و گروپە پەیوەندیدارەکانی بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین، بە ژنە پارێزەرەکانی حەلەب وتراوە پێویستە سەرتان دابپۆشن بچنە دادگاکان، ژنانیش نیگەرانن لەوەی لە ڕووی کارکردنەوە ژیانی ژنان و کارەکانیان ئاستەنگی بۆ دروست بکرێت.

 

فەریدە زەکەریا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سەرەتا دەڵێن ژنە پارێزەرەکان بە سەری داپۆشراوەوە بچنە دادگا، ڕێبازگەلێکی دیکەیان هەیە کە نابێت ژنان بچنە دەرەوە بۆ سەر شەقامەکان، نەک تەنها بۆ ڕێکخستنی چالاکییەکانیش، ئێمە ئەمانە قبوڵ ناکەین. ئێمە لەگەڵ ئەو عەقڵیەتەدا نین کە ژن دەخاتە بەردەمیان و کۆیلایەتی بەسەریاندا دەسەپێنێت.

 

"چارەسەر نەتەوەی دیموکراتیکە"

فەریدە زەکەریا ڕایگەیاند کە عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد چارەسەری بۆ قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش کردووە و ڕایگەیاندووە کە چارەسەری دۆخەکە "نەتەوەی دیموکراتیکە"، وتیشی: ئەمڕۆش لە سووریا ململانێ هەیە، خەڵک دەکوژرێن، شارەکان تاڵان دەکرێن، ئێمە لە ژێر چەتری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکدا دەژین و کار دەکەین، ئەو گەڕەکەی ئێمە تیایدا دەژین نموونەیە، ئێمە لێرە بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایین و زمان درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین، خەباتی ڕێکخراوی ژنان دەبێتە هۆی بنیادنانی سووریایەکی ئازاد و دیموکراتیک.