نەتەوەیەکگرتووەکان: مەترسی لەسەر ژیانی ١١ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار ژن و منداڵ هەیە
دەستەی ژنانی نەتەوەیەکگرتووەکان "UN Women" ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرژییەکان لە گەرووی هورمز، گریمانە دەکەین تا کۆتایی ٢٠٢٦، برسێتی بەرۆکی ٢٢ ملیۆن کەس بگرێت کە ١١ ملیۆن و ٧٠٠ هەزاریان ژن و منداڵی کچن.
ناوەندی هەواڵ
دەستەی ژنانی نەتەوەیەکگرتووەکان "UN Women"، سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی برسێتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەختتر دەبێت و گرژییەکان لە گەرووی هورمز کاریگەری لەسەر خۆراک و ژیانی ملیۆنان ژن و منداڵ دەبێت.
بە گوێرەی شیکاریی “مەترسیی ئەمنیی خۆراک بەهۆی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لەسەر ژن و منداڵانی کچ”، کە لە ١٣ـی تشرینی یەکەمدا لەلایەن UN Womenـەوە بڵاوکرایەوە، زیادبوونی تێچووی بارهەڵگر و گواستنەوەی کەلوپەل و وزە، نرخی خۆراک بەرزدەکاتەوە و فشار دەخاتە سەر سەرچاوەکانی بژێویی ژنان.
هاوکات، لە ٢٨ وڵات کە تێیدا لێکۆڵینەوە کراوە، ڕاگەیاندرا کە تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦، لەوانەیە ٢٢ ملیۆن کەس ڕووبەڕووی برسێتی ببنەوە، ٥٣٪ـی ئەو کەسانە، واتە نزیکەی ١١ ملیۆن و ٧٠٠ هەزاریان ژن و منداڵانی کچن، لەو وڵاتانە لە ئێستادا ٢٠٨ ملیۆن ژن و منداڵی کچ کێشەی خۆراکیان هەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژمارانە خەمڵێندراون و پشتڕاستکراوە نین، بە گوێرەی ئەو لێکدانەوە مەترسیدارانەن کە پشت بە سیناریۆی جیاواز دەبەستن.
نیارادزایی گومبۆنزڤاندا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری دەستەی ژنانی نەتەوەیەکگرتووەکان، تیشکی خستەسەر کاریگەریی قەیرانی خۆراک لەسەر ژنان و ڕایگەیاند، دەزانین کە کاتێک خۆراک کەمدەبێتەوە، ژنان بۆ وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی خۆیان، خۆراک کەمتر دەخۆن یاخود هەندێک ژەم ناخۆن، نایەکسانیی ڕەگەزیی کۆمەڵایەتی دیاریدەکات، کە خۆراک دەست کێ دەکەوێت یاخود کێ دەتوانێت خۆی بگەیەنێتە سەرچاوەی پێویست، هەر بۆیە وەبەرهێنان بۆ ژنان و منداڵانی کچ کاریگەرترین ڕێگای گەرەنتیکردنی ئارامیی کۆمەڵگەکان و بنەماڵەیە.
وتیشی: لەو وڵاتانەی ژمارەی دانیشتووان تێیاندا زۆرە، ژنان و منداڵانی کچ بە گشتی ڕووبەڕووی کێشەی پەیداکردنی خۆراک دەبنەوە، بەو پێیە لەوانەیە قورسترین کاریگەری لەسەر سوودانی باشوور، سوودان، هایتی، یەمەن و فەڵەستین بێت.
بە گوێرەی خەمڵاندنەکان لە سوودانی باشوور ١٤٪ـی ئەو دانیشتووانەی لەگەڵ کێشەی خۆراکدا ڕووبەڕوون، ژنان و منداڵانی کچن، لە لوبنان ڕێژەکە ٤٪، لە ئەفغانستان ٦٠٪، لە یەمەن ٥٧٪، لە سوودان ٥٦٪ـە.
هەروها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کەمیی بەشداریکردنی ژنان لەناو کار و نایەکسانی لە ڕووی دەستکەوتنی سەرچاوەی ئابوورییەوە، کاریگەریی قەیرانی خۆراک زیاتر دەکات.
ژنانی نەتەوەیەکگرتووەکان، بانگەواز بۆ نەهێشتنی گرژییەکان و ڕێزگرتن لە یاسا نێونەتەوەییەکان دەکەین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.