یونیسێف: منداڵانی سودان لە کارەساتێکی گەورەدا دەژین

ڕێکخراوی یونیسێفی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی سودان گەورەترین ئاوارەبوونی منداڵان لە جیهاندا بەخۆیەوە دەبینێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە نیسانی ٢٠٢٣ەوە شەڕ لە سودان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە و هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی ژێرخانی ناوچەکە بە نزیکەی تەواوەتی لەناوچوون، هەروەها بووەتە ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

 

دوێنێ ٢٦ی حوزەیران، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سودان شاهیدی گەورەترین ئاوارەبوونی منداڵانە لە جیهاندا، ڕوونیشیکردەوە کە شەڕەکە ژیانی منداڵانی پێچەوانە کردووەتەوە.

 

کاسرین ڕوسیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف ڕایگەیاند، لەگەڵ شەڕی زیاتر لە ساڵێکدا ئازارەکانی منداڵان زیادی کردووە ، کە بە "دڕندەیی" پێناسەی کردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، منداڵان لە سودان کارەساتێکی گەورەیان بەسەردا دێت، جا چ لە هێڵی پێشەوە گیریان خواردبێت، یان ناچاربن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، یان شایەتحاڵی لەناوچوونی کۆمەڵگەکانیان بوون.

 

ئەوەشی خستەڕوو، منداڵان باجی قورس دەدەن، پێویستە جیهان بزانێت چی بەسەر منداڵانی سودان دێت، پێویستە هەموو لایەنەکان توندوتیژییەکان بوەستێنن و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن.