" ژنان بە تێکۆشان ئازادی ڕێبەر ئۆجالان مسۆگەر دەکەن"

بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە بۆ شەرمەزارکردنی ئەو گۆشەگیرییە توندەی بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێندراوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئازادیی ئەو ئازادی ژنانە، باوەڕی خۆیان بە بیر و فەلسەفەی ئەو دووپاتکردەوە.

 حەسەکە

 

بە دروشمی "ئازادی ڕیبەر ئاپۆ زامنی ئازادی گەلان و ئاشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” ئەمڕۆ خۆپیشاندانێکی لە شاری حەسەکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ شەرمەزار کردنی ئەو گۆشەگیرییە توندەی کە بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێندراوە، بە بەشداری هەزاران دانیشتووی شارەکە ڕێکخست.

 

ڕەوزە ئیبراهیم ئاماژەی بەوەکرد، ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خەبات دەکەن و بەشداری دەکەن لە هەموو چالاکییەکانی شەرمەزار کردنی گۆشەگیری، ژنان لەگەڵ بیرکردنەوەکانیان و بەوپەڕی توانایانەوە تیشک دەخەنە سەر ڕۆڵی خۆیان بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان، کە ئازادییەکەی بە ئازادی ژنانەوە گرێدراوە، بەڵام دەوڵەتی سەرمایەداری کە هاوکاری دەوڵەتی تورکیای دەکرد، هەوڵیدا لە ڕێگەی پیلانێکی نێودەوڵەتییەوە بیری ئەو سەرکوت بکات، بەو بڕوایەی کە دەتوانن بیری نەهێڵن.

 

"باوەڕمان بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان هەیە"

جەختیشی لەوە کردەوە، ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پابەندن بە بیری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە، وتی: ئێمە باوەڕمان بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان هەیە، چونکە بە ڕەمزی ئازادی ژنان و ڕۆڵیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەیزانین، کە گرنگترینیان سیاسی و سەربازین.

 

 بانگەوازی بۆ مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی ئەو گۆشەگیرییە توندەی بەسەر ڕێبەردا سەپێندراوە هەڵبگرێت و لە ڕووی جەستەییەوە ئازاد بکرێت.

 

بەیان حەسەن ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ لەم خۆپیشاندانەدا بۆ شەرمەزار کردنی گۆشەگیری بەشدارین، ئەو وڵات و ڕێکخراوانەی داوای مافی مرۆڤ دەکەن پێویستە لە تەنیشت گەل بوەستن و هەوڵبدەن ئەو گۆشەگیرییە توندەی لەسەر ڕێبەر ئۆجالان هەیە بیشکێنن و هاودەنگی بۆ دۆزی کورد نیشان بدەن.

 

شیراز حەمۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوا، وتی: لەم ڕۆژەدا کۆمەڵکوژی ژنە شەهیدەکانی هەلینج لە شاری کۆبانی بەبیردەهێنینەوە کە لەلایەن داگیرکاری تورکیاوە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک سیاسەتی داگیرکاری تورکیا بەرامبەر بە ژنە چالاکوان و پێشەنگەکانی ناوچەکانمان کە داوای ئازادی ژنان دەکەن و دەنگی خۆیان بۆ دیموکراسی بەرز دەکەنەوە ئەنجام درا.

 

ئاماژەی بەوەشدا، هەموو بەرخۆدانەکانی چوار پارچەی کوردستان بەرهەمی بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالانە، وتی: ئەگەر ئەمڕۆ وشەی ئازادی بڵێین و لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک و پێکەوەژیان بژین، ئەوە لە سایەی هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالاندایە. بۆیە پێویستە ئێمەی ژن و پیاو هەمیشە لە مەیداندا بین و بانگەواز بکەین بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان.