لە پاکستان بەهۆی ڕۆچوونی زەوی و هەورە بروسکەوە ٤١ کەس گیانیان لەدەستدا

لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و ڕۆچوونی زەوی و ڕەشەبا و هەورە بروسکەوە لە پاکستان، لانیکەم ٤١ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ دووشەممە ١٥ی نیسان، بەشی بەڕێوەبردنی کارەساتی سروشتی پاکستان ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا بارانبارینی بەخوڕ و ڕۆچوونی زەوی و ڕەشەبا و هەورە بروسکە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی لانیکەم ٤١ کەس و ٤٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

بەپێی ڕاپۆرتی بەشی بەڕێوەبردنی کارەساتی سروشتی پاکستان، باری نائاسایی لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە ڕاگەیەندراوە و بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیا ناوخۆییەکان، زۆربەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڕەشەباوە گیانیان لەدەستداوە، ئەو جووتیارانەن کە سەرقاڵی دروێنەکردنی بەروبوومی کێڵگەکان بوون.

 

عیرفان کاتیا، وتەبێژی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە پەنجاب ڕایگەیاند، بارانبارینی بەخوڕ بووەتە هۆی وێرانبوون و داڕمانی خانووەکانی نیشتەجێبوون، پێشبینیش دەکرێت لەم هەفتەیەدا بارانبارین توندتر بێت، چونکە ویلایەتی پەنجاب کە گەورەترین و پڕ دانیشتووانترین ویلایەتی پاکستانە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زۆرترین قوربانیی بەهۆی زریان و ڕەشەبا بەخۆیەوە بینیوە و لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٢١ کەس بەهۆی هەورەبروسکە لە پەنجاب گیانیان لەدەستداوە.

 

هەروەها لە بەلوچستان بەهۆی باران و لافاوەوە ٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە ٧ کەسیان بەهۆی هەورە بروسکەوە بووە، کاربەدەستانی خۆجێی لە بەلوچستان ڕایانگەیاند کە ٢٥ ناوچەی ئەو ویلایەتە شاهیدی باران و لافاوێکی زۆر بوون و بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و ترسی لافاو، قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا داخران.

 

هەروەها لە پارێزگای سند، بارانبارینی بەخوڕ بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە هەندێک ناوچە، لە پارێزگای خەیبەر پشتونیش، لە ئەنجامی داڕمانی سەقفی ماڵەکەیان، ٨ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا کە چواریان منداڵ بوون.

 

وڵاتانی باشووری ئاسیا، لەوانەش هیندستان و پاکستان، هەموو ساڵێک لە وەرزی بەهاردا شاهیدی بارانبارینی وەرزی زۆر دەبن و لە دوو ساڵی ڕابردووشدا پاکستان لەم وەرزەدا لافاوێکی وێرانکەری بەخۆیەوە بینیوە و بارانبارینی وەرزی و لافاوەکانی، ساڵانە دەبێتە هۆی دروستبوونی زیانی ماددی و مرۆیی.

 

ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٣٣ ملیۆن کەس لە پاکستان بەهۆی بارانبارینی وەرزی گەرما زیانیان بەرکەوتووە، هەزار و ٧٣٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ئەم لافاوانەش بەردەوامن لە زیانگەیاندن بە ئابووری وڵاتەکە.