ڕووداوێکی هاتووچۆ بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٢٠ خوێندکار
ڕووداوێکی هاتووچۆ ڕوویدا و بەهۆیەوە ٢٠ خوێندکاری خوێندنگەی زەینەبی بنەڕەتی لە ناوچەی حەرتا لە پارێزگای بەسرەی عێراق گیانیان لەدەستدا.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/04/20240402-20240402-12-png4ffc49-image-jpgf73dbf-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ، لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆ لە شەقامی بەغدا لە پارێزگای بەسرە، ٢٠ خوێندکار گیانیان لەدەستدا.
ڕووداوەکە لەسەر ڕێگای بەسرە بە دی قەر و میسانەوە ڕوویداوە و دانیشتووان ڕایانگەیاندووە، ئەو شەقامە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر نۆژەن کراوەتەوە و هێمای هاتوچۆی بۆ دانەنراوە، بووەتە ڕێگایەکی مەترسیدار.
ئۆتۆمبێلەکە تانکەرێک بووە و بەسەر ژمارەیەک خوێندکارانی خوێندنگەی زەینەبی بنەڕەتی کوڕان لە حەرتە لە بەسرە کەوتووە و ئەگەری هەیە ژمارەکە بەرزبێتەوە لەگەڵ برینداربوونی چەندین خوێندکاری دیکە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە خێرایی شۆفێرەکە هۆکاری ڕووداوەکە بووە .