هێرشکرایە سەر کوردانی بەلجیکا

ئەندامانی ڕێکخراوی ڕاستڕەوی گورگە خۆڵەمێشییەکان چەند ئۆتۆمبێلێکیان تێکشکاند و هێرشیان کردە سەر دەیان کورد لە بەلجیکا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی گورگە خۆڵەمێشییەکان کە ڕێکخراوێکی توندڕەوی ڕاستڕەوە و لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٦٠ لە تورکیا دروست بووە، هێرشی کردە سەر ئەو خێزانە کوردانەی کە لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە بەلجیکا دەگەڕانەوە.

 

ڕێکخراوی گورگە خۆڵەمێشیەکان بە قۆڵی چەکداری نافەرمی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست لە تورکیا دادەنرێن و دژایەتی هەر یەکلاکردنەوەیەکی سیاسی لەگەڵ کورد دەکات، بەرپرسە لە هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر کورد لە بەلجیکا، چونکە  ئەندامەکانی تابلۆی ڕێکخراوەکەیان بەرزکردەوە و دروشمی "الله ئەکبەر"یان دەوتەوە.

 

ڤیدیۆ کلیپەکان لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە کە سەلماندی ژمارەیەک خێزانی کورد لە شاری لۆڤن لە بەلجیکا لەلایەن سەدان تورکەوە لەکات گەڕانەوە لە ئاهەنگەکانی هێرشیان کراوەتە سەر.

 

ئەندامانی ڕێکخراوەکە چەندین ئۆتۆمبێلیان تێکشکاند و هێرشیان کردە سەر دەیان کەس کە پەنایان بۆ ماڵێک بردبوو، ئەو گروپە هەوڵیاندا بە زەبری هێز بچنە ناو ماڵەکە و دروشمی "الله ئەکبەر"یان دەوتەوە و ئاڵای کوردیان سووتاند.

 

پۆلیس گەیشتە ئەوێ و هێرشەکە پووچەڵکرایەوە، لە بەرامبەردا کوردانی شارەکە داوای لێپرسینەوەیان لەگەڵ بەرپرسان کرد و ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هێرشەکە و بە کردەوەیەکی ڕەگەزپەرەستانە باسیان دەکرد.