"بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی شۆڕشەکەمان فراوان دەکەین"
ئەو ژنانەی کە بەشدارییان لە کۆنفڕانسی "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان" کرد، ئاماژەیان بەوەکرد بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی شۆڕشەکەیان فراوان دەکەن.
شیلان شەنگال
شەنگال- کۆنفڕانسی "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان" کە لە ٢٣ی نیسان لەلایەن تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژی) وە لە شەنگال بەڕێوەچوو، ژنان لە بەغدا و چەندین ناوچەی عێراق لە سلێمانی، ئەوروپا، ژنانی نێودەوڵەتی لە ڕێکخراوە فێمێنیستییەکانەوە بەشدارییان کردو هەروەها لەڕێگەی پەیامەکانی باکوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری کراو بە وردی باس لە گرنگی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ گەیشتن بە شۆڕشی ژنان کرا.
کۆنفڕانسەکە وەک هەمیشە لەلایەن بەرپرسانی عێراقی ئاستەنگ بۆ میوانەکانی دەرەوەی وڵات دروستکرا، بەلام بە پەرۆشەوەو بە بەشداری ٣٥٠ نوێنەر گەیشت بە ئەنجامێکی بەهێز.
"بۆ ڕێکخستنی ژنانی شەنگال ئەمە هەنگاوێکی گرنگە"
سوهام شەنگالی، وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تاژی وتی: کۆنفڕانسەکە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ڕێکخستنی ژنانی ئێزدی و هەموو ژنانی نیشتەجێی ئەم خاکە، لە کۆنفڕانسەکەماندا سڵاو لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا و گرنگی هێزی ژنان بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە هەڵسەنگێندرا، بە ڕێکخستنی ژنان بە ئازادی ژنان، دەتواندرێت کۆمەڵگە ئازاد بکرێت، ڕێبەر ئاپۆ ئەرکی ئەرمی بەئێمەداوە وەک بیرۆکە و ڕۆح و ژن ئازاد بین و بڕۆین بەرەو فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"، کۆنفڕانسەکەمان بۆ ئەوەیە کە بتوانین لە هەموو پێکهاتەکاندا یەکێتی ژنان دروست بکەین، ئەمڕۆ بووینە شایەتی ئەوەی کە لەگەڵ ئەم فەلسەفەیەدا، ژنان دەتوانن پێکەوە کۆببنەوە و بەردەوام بن لە کارەکانیان بۆ داهاتوو، لە کۆنفڕانسەکەماندا سیمینار لەسەر ژنان و ڕێکخستنی ژنانی ئێزدی و پاراستن و ڕێکخستنی ژنانی گەنج و دەستکەوتەکانی شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچوو.
"ڕێگای چارەرەسەریی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادییە"
لاڤا شەنگالی، ئەندامی تاژێ ئاماژەی بەوەکرد کۆنفڕانسەکە گرنگییەکی مێژوویی هەیە و وتی: دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە جیهانی، ئەمڕۆ وەک ژنانی ئێزدی کە ٧٤ فەرمانیان لەسەر ئەم خاکە تێپەڕاندووە، ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە بۆ ئێمە جێگای شانازییە، ئەمە کار و بەرهەمی ڕێبەر ئاپۆیە.
لاڤا شەنگالی ئاماژەی بەوەشکرد وەک ژنانی ئێزدی، فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بە نزیکی خۆیان دەبینن و بەهۆی سروشتی باوەڕەکانیانەوە، ئەوان سێ وشەی جادوویی لەخۆدەگرن و وتی: بۆ ئەو جیهانەی کە ئێستا گەیشتووەتە ئاستی قەیران، بۆ ژنان و ژیانی مرۆڤایەتی ئەم کارەساتە تەنها بەم ەلسەفەیە چارەسەر دەبێت، پیرۆزبایی ئەم کۆنفرانسە لە ئەندازیاری مرۆڤایەتی، ڕێبەر ئاپۆ، گەریلاکانی ئازادی، ژنانی ئێزدی و هەموو ژنان دەکەین، کۆنفرانسەکەمان پێشکەش بە ژینا ئەمینی دەکەین و سڵاو لە شۆڕشەکەیان دەکەین.
"ئەم فکرە دەتوانێت ژن و کۆمەڵگە ئازاد بکات"
بێریڤان شەنگالی، ئەندامی ڕۆشنبیری و هونەری لە ستیا نەخشان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و وتی: ئەمە یەکەم جارە ئێمە کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە لە شەنگال ئەنجام دەدەین، هەموو ئەو سیمینار و هەڵسەنگاندنانەی کە لە دەرەوە هاتوون لە کۆنفڕانسەکەدا گوێیان لێگیراو بەهایەکی زۆریان هەبوو، دەڵێین کە گرنگ نییە چەند هێرش دەکەنە سەرمان، ئێمە وەک ژنانی ئێزیدی هەمیشە لە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ نزیک دەبینەوە، لەبەرئەوەی ئەم بیرۆکەیە ژنان و کۆمەڵگە ئازاد دەکات.