یونیسێف: سەدان منداڵی ئەفغانی بەهۆی نەخۆشی و سەرماوە گیانیان لەدەستدا

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە مانگی ڕابردوودا سەدان منداڵ لە ئەفغانستان بەهۆی نەخۆشی و سەرماوە گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٣ی شوبات، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند کە سەدان منداڵ بەهۆی نەخۆشی و سەرمایەکی توند لە مانگی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و نووسیویەتی: زستانی دڕندانەی ئەفغانستان کاریگەرییەکەی لەسەر ئەو کەسانە زیاترە کە زیانیان بەرکەوتووە.

 

یونیسێف بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئامارە وردەکان و شوێنی ئەو منداڵانە بکات کە لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە، نووسیویەتی: تیمەکانی فریاگوزاری یونیسێف لە سەرانسەری ئەفغانستان لەم زستانە سەختەدا یارمەتی ئەو خێزانانە دەدەن کە پێویستیان پێیەتی.

 

بەپێی ئەو ئامارەی مانگی ڕابردوو خراوەتەڕوو، شەپۆلی سەرمای توند و نەبوونی ئامێری گەرمکەرەوە بووەتە هۆکاری گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٣٠٠ کەس کە زۆربەیان منداڵ بوون.