گەنجان و ژنانی گەنج تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا بە هاوڵاتیان نیشان دەدەن
گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە بەردەرکی سەرای سلێمانی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکیایان نیشاندا و ئاماژەیان بەوەدا وەکو گەنجی باشووری کوردستان تا کۆتایی لە دژی داگیرکاری دەوەستنەوە.
سلێمانی
ئێوارەی دوێنێ لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر هەڵوێستی خۆیان دژی هێرش و دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکیا خستەڕوو و وێنەی قوربانیانی کۆمەڵکوژی بۆردومانی ناوچەی گەشتیاری گوندی پەرەخی زاخۆیان نیشانی هاوڵاتیان دا.
شاتوو محەمەد، وتەبێژی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، وتارێکی پێشکەشکرد و سەرساغی بۆ بنەماڵەی شەهیدان و بەرکەوتووانی هێرشەکانی تورکیا خواست و ئاماژەی بەوەدا یەکەمجار نییە کە دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر خاکی کوردستان، "هیوادارین ئەم دەنگ و کاردانەوە لە کوردستان و بە تایبەتی لە عێراق کاریگەرییان هەبێت و جارێکی دیکە دەوڵەتی تورکیا نەتوانێت هێرش بکەنە سەر باشووری کوردستان و عێراق".
شاتوو محەمەد وتیشی: ئێمە وەک گەنجانی باشووری کوردستان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆمان دەزانین و بە ئیدانەکردنی ئەم هێرشانە بەردەوام دەبین، دەمانەوێت جارێکی دیکە هەڵوێستی خۆمان وەک گەنجان دووپات بکەینەوە کە دژی داگیرکەران دەوەستینەوە و هەرگیز ئەم داگیرکارییانە قبوڵ ناکەین کە لەسەر خاکی ئێمە ئەنجام دەدرێن.
لە کۆتاییدا گەنجان و ژنانی گەنج دروشمەکانی بمرێ خیانەت، سوپای تورکیا بۆ دەرەوەیان وتەوە.