شاناز ئیبراھیم ئەحمەد : کاری مرۆیی پەیامێکی ئاشتییە و دەبێت بەردەوام بێت

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ژنی یەکەمی عێراق ئاماژەی بەوەکرد کاری خۆبەخشی دەبێت بەردەوام بێت و نابێت لە ھیچ کات و بارودۆخێکدا بوەستێت، وتیشی: "کاری مرۆیی پەیامێکی ئاشتییە".

ناوەندی هەواڵ

 

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەنەکە و ژنی یەکەمی عێراق لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی تایبەت بە بەرنامەکانی پاڵپشتی خێزان و منداڵان لە پارێزگاکانی بەغدا، بەسرە، زیقار، دیالە، موسڵ و کەرکوک کۆبووەوە.

 

لە میانی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد کە کاری خۆبەخشی دەبێت بەردەوام بێت و نابێت لە ھیچ کات و بارودۆخێکدا بوەستێت، وتیشی: کاری مرۆیی پەیامێکی ئاشتییە و بەشدارە لە بەھێزکردن و پشتیوانی خێزان و ژنان.

 

ئەم وتانەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە کاتێکدایە کە ئێستا لە زۆربەی وڵاتانەوە هاوڵاتیانی خۆبەخش کاردەکەن بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێنەوتووانی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە وێرانکاری گەورەی لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سوریا دروستکرد، لە باشووری کوردستانیشەوە لە سەرەتای ڕووداوەکەوە تا ئێستا هاوکاری کۆدەکرێتەوە و دەگەیەندرێتە زیانلێکەوتووان.