لە گەرمیانەوە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ ژنان ڕاگەیاندرا
ئەنجومەنی باڵای خانمان لە گەرمیان هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ ژنانی ڕاگەیاند و داواش لەمامۆستایانی ئاینی دەکەن، دژی توندوتیژی ڕێنمایی بڵاوبکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەسەر قەڵای شێروانە لە شارۆچکەی کەلاری ئیدارەی گەرمیان، ئەنجومەنی باڵای خانمان هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەبۆنەی ۲٥ی نۆڤەمبەر/تشرینی دووەم ئەنجامدانی چەند چالاکیەکەی ڕاگەیاند.
هەیفا مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای خانمان لە گەرمیان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: سەرەتای هەڵمەتەکە لە شارۆچکەی چۆمان، وەک شارۆچکەیەک کە کەمترین ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنانی تێدا ئەنجامدراوە ڕاگەیەنجرا و لە کەلاریش بە هەڵکردنی گڵوپ و ئاڵای پرتەقاڵی لەسەر قەڵای شێروانە، هاوشێوەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی تر، بڕیارە لە بەرزترین شوێن چالاکییەکانیان دەستپێبکەن.
وتیشی: لەم هەڵمەتەدا داوا لە مامۆستایانی ئاینی دەکەین، لە ڕێگەی مینبەری مزگەوتەکانیانەوە لە بارەی توندوتیژی دژی ژنان قسە بکەن و هەوڵەکانی خۆیان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی بخەنەگەڕ.