نێرگس محەمەدی لێبوردنی ڕابەر بۆ دەستگیرکراوەکان بە "شانۆیی فریودەر" پیناسە دەکات

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ لە زیندانی ئەڤین نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ کرد و ڕایگەیاند، ئەو پیلانەی بە ناوی "لێبوردنی ڕابەر"ەوە پەیڕەو دەکرێت، نمایشێکە بۆ فریودانی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا.

ناوەندی هەواڵ

 

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤی لە پەیامێکیدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە یارمەتی گەلانی ئێران بدەن بۆ ڕزگاربوون لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە پەیامەکەیدا کە لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە جنێف خوێندرایەوە، نێرگس محەمەدی جەختی لەسەر پشتیوانیی گەل لە تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی و دیموکراسیدا کردەوە، وتیشی: ئەو لێبوردنەی کە لە ٦ی شوباتەوە بە ناونیشانی "لێبوردنی ڕابەر" بۆ هەندێک لە زیندانیانی سیاسی و ڕۆشنبیران دەستیپێکرد، لەسەر ڕێبازێکی دادپەروەرانە و ئاڕاستەی سیاسەتەکانی مافی مرۆڤ نییە.

 

سیاسەتی دژی ژنان زیادی کردووە

ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی شەش لە دەستگیرکراوان کە بەر ئەم لێبوردنە کەوتوون، بە پیلانگێڕی بە مەبەستی شکاندنی ئاسایشی نەتەوەیی تۆمەتبار کرابوون، تەنها لەبەر ئەوەی کە حیجابەکانیان لابردبوو دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" یان دەوتەوە بانگکران بۆ دادگای ئەڤین، بە کەفالەتی ماددی ئازادکران، هەروەها زۆرێک لەو ژنانەی کە بڕیارە لەسەر بنەمای ڕێنمایی دادوەری ئازاد بکرێن، بەهۆی دژایەتی هێزە ئەمنییەکانەوە ئازاد نەکراون، وتیشی: سیاسەتی دژی ژنان لەلایەن دیکتاتۆرییەتی ئاینییەوە زیادی کردووەو ژەهراویبوونی زنجیرەیی خوێندکارانی کچ ئەو پەیامەی لەخۆگرتووە کە چەوساندنەوەی ژنان بەردەوام دەبێت.

 

لە پەیامەکەی نێرگس محەمەدی ئەوەش هاتووە کە ئازادکردنی زیندانییەکی سیاسی بە هیچ شێوەیەک مانای کردنەوەی فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە لە ئیران، ژن و پیاو بە هۆی ئەندامێتیمان لە یەکێتیە مەدەنی و کۆمەڵایەتی و کرێکارییەکان زیندانی کراون، دامەزراوەکانمان بە نایاسایی داخراون، دیموکراسی بەبێ کۆمەڵگەی مەدەنی بەدی ناهێندرێت، کۆماری ئیسلامی سیاسەتی لێبوردن و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی پەیڕەو کردووە بۆ داپۆشینی لایەنێکی سەرەکی و گرنگ لە سەرکوتکردن کە داخستنی دامودەزگا مەدەنی و سەربەخۆیە جەماوەریەکانمانە واتە بێبەشکردنی ئێمە لە دیموکراسی.

 

جەختیشیکردووەتەوە کە ئامادەیە بۆ چەندین ساڵ زیندانی بکرێت، بەڵام پێویستە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ نوسینگەیەکی لە تاران هەبێت کە تێیدا ئەندامانی بتوانن کار بۆ بەدیهێنانی مافەکانی مرۆڤ بکەن.

 

نیرگس محەمەدی ئاماژەی بەوەشکردووە کە دیسان ئامادەیە شایەتی بدات دەربارەی "دەستدرێژی سێکسی و دەستدرێژیکردنە سەر زیندانییە ژنەکان".

 

 

هەروەها جەختی لەسەر پێویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە کە گرنگی بەمافەکانی مرۆڤ بدات و وتی: گەلەکەمان بەنیازن لە کۆماری ئیسلامی دەرباز ببن و لە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە دیموکراتیکدا مافەکانی مرۆڤ بەدەست بهێنن، لەم ساتە گرنگە مێژووییەی وڵاتەکەم، هەم لە قۆناغی گواستنەوەو هەم لە قۆناغی دوای گواستنەوەدا، لە بەدیهێنانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و دامەزراندنی حکومەتێکی عەلمانی کە یەکسانی و ئازادی تێدابێت چالاکی چڕی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ لە هەموو کاتێکی تر جدیتر و یەکلاکەرەوەتر پێویستە.

 

نێرگس محەمەدی، پێشتر چەند جارێک دەستگیرکراوە و زیندانی کراوە، بەم دواییانە بە ١٠ ساڵ و ٨ مانگ و ١٥٤ قامچی سزادراوە.