٩١ ڕێکخراو و کەسایەتی بۆ دۆخی ئیمڕاڵی نامەیان بۆ سی پی تی نارد

لە نامەیەکدا ٩١ دامەزراوە و کەسایەتی پشتیوانییان لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" کرد و داوایان لە ئالان میچێڵ، سەرۆکی سی پی تی کرد بەشداری بزووتنەوەی دژ بە گۆشەگیری بکات و شاندێک بۆ ئیمرالی بنێرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی پشتیوانی نێودەوڵەتی، کە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ کێشەی کورد"ی دەستپێکرد، نامەیەکی بۆ ئالان میچێڵ، سەرۆکی لیژنەی پێشگرتن لە ئەشکەنجەی ئەنجومەنی ئەوروپا-سی پی تی بە واژۆی ٩١ کەسایەتی و دامەزراوەوە نارد و سەرنجیان بۆ گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕاکێشاوە.

 

لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ئێستا تەمەنی ٧٥ ساڵە و ماوەی ٢٥ ساڵە لە گۆشەگیرییەکی تونددا زیندانی کراوە و ٣ ساڵە هیچ زانیارییەک لەبارەی تەندروستییەوە بەدەست نەهاتووە، بۆیە بانگەوازی لە سی پی تی کرا، کە هەنگاوی پێویست بنێت.

 

لە نامەکەدا بە بیرهێنرایەوە کە سی پی تی مافی ئەوەی هەیە سەردانی هەموو زیندانەکانی تورکیا بکات و داوا کراوە لە چوارچێوەی مادەی ٣ی ڕێککەوتنی ئەنجومەنی ئەوروپا شاندێک بنێردرێت و دواتر هەوڵی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەی عەبدوڵا ئۆجالان بدات.