ڕێگەنەدرا تەرمی ئارمیتا گراوند لە کرماشان بەخاک بسپێردرێت

ڕژێمی ئێران ڕێگەی نەدا تەرمی ئارمیتا گراوندی ١٦ ساڵ کە سەپاندنی حیجابی ڕەتکردەوە و دوای ئەشکەنجەدان گیانی لەدەستدا، لە شارۆچکەکەی خۆی لە کرماشان بەخاک بسپێردرێت و لە گۆڕستانی بەهەشت زارا لە تاران بەخاک سپێردرا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە تارانی پایتەختی ئێران، ئارمیتا گراوندی تەمەن ١٦ ساڵ لە کاتێکدا لەگەڵ هاوڕێکانیدا هەوڵیاندا سواری پاس ببن، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بەبیانووی ئەوەی کە سەپاندنی حیجابی ڕەتکردەوە ئەشکەنجەدرا و بۆ ماوەی ٢٨ ڕۆژ لە کۆمادا مایەوە، دوێنێ لە یەکەی چاودێری سەختی نەخۆشخانەی فەجرلە تاران گیانی لەدەستدا.

 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، بنەماڵەی ئارمیتا ویستیان تەرمی کچەکەیان ببەنەوە بۆ کرماشان و لەوێ بەخاکی بسپێرن، بەڵام ڕژێم ڕێگەی پێنەدان و بە پێی زانیارییەکان دەزگای هەواڵگری ئێران هەڕەشەیان لە خێزانەکە کردووە.

 

بۆیە ئەمڕۆ لە ڕەوشێکی گەمارۆدراودا تەرمی ئارمیتا گراوند لە گۆڕستانی بەهەشتی زەرا لە تاران بەخاک سپێردرا و تا ئێستاش ٨ کەس، کە ئامادەی پرسەکە بوون، دەستگیر کراون.