دەسەڵاتدارانی ئێران سزای سێدارە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی بەکاردێنن

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی سێدارەدانی تۆمار کردووە، بە ئامانجی ڕاگرتنی ڕاپەڕینی جەماوەری و دروستکردنی تیرۆر لە نێو بەشداربووانیدا.

لارا گەوهەری

 

ناوەندی هەواڵ- لەم دواییانەدا ژمارەی سێدارە لە ئێران دوو هێندە زیادی کردووە، بەو پێیەی دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێکی سەرکوتی سیاسی دژ بە خۆپیشاندەران و ناڕازییان و کەمینەکان بەکاردەهێنن و جێبەجێی دەکەن، هەروەها بۆ بێدەنگکردنی ئەوانەی بەدوای ئازادی و یەکسانیدا دەگەڕێن.

 

دوای دەستپێکردنی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی"، ڕژێمی ئیسلامی ئێران شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدان بە خێراییەکی زۆر و بە بێدەنگی دەستپێکرد و کورد و بەلوچی و عەرەب زۆرترین قوربانیی سێدارەکان بوون.

 

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئێران ئەوەندەی لەسێدارە داوە، کە لە یەک هەفتەی مانگی ئایاردا زیاتر لە ٥٠ زیندانی بە تۆمەتی سیاسی و تاوانە باوەکان لە سێدارە دراون و سزای لەسێدارەدانی هەندێک لە زیندانییەکانی دیکەش هەموو لایەکی ترساندووە.

 

ڕژێم لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی مامۆستایان، کرێکاران، ژنان، قوتابیان، بنەماڵەی داواکاران و هەموو خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەترسێت، ناتوانێت بەرخۆدانی ژنان بەرامبەر ئیجابی ناچاری و مانگرتنی ژنان بشکێنێت، بۆیە ئێران، کە لە لێواری داڕماندایە، لە ڕێگەی تیرۆرەوە ئازادیخوازان بێهیوا دەکات و پەراوێز دەخات، هەوڵ دەدات هەستی بێدەسەڵاتی بە دامەزراوەیی بکات، بەڵام ئەوەی دەبینرێت خەڵک زیاتر لە جاران بەسەر ترسی حکومەتدا زاڵ دەبێت و ئاگری خەبات و بەرخۆدان گڕ دەدات.

 

ئێران دەستپێشخەری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانە باوەکانی وەک مادەی هۆشبەر بۆ نیشاندانی هێز و ڕێگریکردن لە ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک بەرامبەر سزای ئەو تاوانبارانە، بۆ ئەوەی ئەم سزایە لە ڕووی دەروونییەوە قبوڵکراو بێت، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە جۆری تاوانەکە ناتوانێت پاساوێک بێت بۆ سزای لەسێدارەدان، زۆربەی ڕێکخراوەکان و ئۆپۆزسیۆنیش لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بێدەنگ بوون لە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانە باوەکان.

 

لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لەسێدارەدانەکان، بە هاشتاگی "نا بۆ سێدارە" فەرزانە بەرزکار، دایکی عیرفان ڕەزایی نەفایی، یەکێک لە قوربانیانی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە وڵاتی گرتەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیویەتی، "دوای کوژرانی کوڕەکەم، تاکە هیوای من ئەوە بوو کە پاڵپشتی ئێوەی شەرەفمەندی ئێران بکەم، ژیانی سەدان کەس لە مەترسیدایە، با پێکەوە بین بۆ ڕێگریکردن لە بردنی گیانی زیاتری گەنج و ژن، با هەموومان پێکەوە بین".

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بنەماڵەی کوژراوان بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سێدارەکان ناڕەزایی خۆیان لە زۆربوونی ژمارەی سێدارەەکان دەربڕی، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ژمارەی سێدارەکانی کورد زیادی کرد و گەیشتە ٪٣٤، کە ٣ کەسیان سیاسی و ٤٥ بە هۆکاری گشتی وەک دزی، کوشتن، و مادەی هۆشبەر بوون و زۆربەی سێدارەدراوەکانی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بووە.

 

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ "هرانا"، دەسەڵاتدارانی ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٦٥ کەسیان لەسێدارەداوە، کە پێنج کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە لەو کاتەی گوایە تاوانەکەیان ئەنجامداوە، هەروەها لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ تا مانگی ئایاری هەمان ساڵ ١٩٢ کەس کە ٨یان ژن بوون، زۆربەیان بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتن لە دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە لەسێدارەدراون، هەروەها دوو کەسیش بە تاوانی "لادان لە یاسا و شەرع" لە سێدارەدراون، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان سزای سێدارەدان بوونی نییە و قەدەغەیە.