٨ هەزار و ٥٠٠ کەس لە شەڕی ڕوسیا-ئۆکراینا کوژراون

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لە هێرشە سەربازییەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا نزیک بووەتەوە لە ٨ هەزار و ٥٠٠ کەس و کوژرانی هەزاران کەسیش بشتڕاست نەکراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نوسینگەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان- UNHCR ڕۆژی سێ شەممە، ١١ی نیسان، ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لە هێرشە سەربازییەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا نزیک بووەتەوە لە ٨ هەزار و ٥٠٠ کەس، ئاماژە بەوەشکراوە، مردنی چەند هەزار کەس هێشتا پشتڕاست نەکراونەتەوە.

 

نوسینگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای هێرشەکەدا، لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ تا ٩ی نیسانی ٢٠٢٣، کوژرانی ٨ هەزار و ٤٩٠ کەس و برینداربوونی ١٤ هەزار و ٢٤٤ کەسی دیکەی تۆمار کردووە.

 

بەپێی نوسینگەکە، زۆربەی کوژراوەکان لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆکراینا تۆمارکراون و لەژێر هێرشی هێزەکانی ڕوسیادا بووە، لەوانە ٣ هەزار و ٩٢٧ کەس لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوگانسک بوون کە شەڕی قورسی تێدا ئەنجام دراوە.

 

نووسینگەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "UNHCR پێیوایە ژمارە ڕاستەقینەکان زۆر زیاترن، بە لەبەرچاوگرتنی دواکەوتنی وەرگرتنی زانیاری لە هەندێک شوێن کە شایەتحاڵی شەڕی قورسن، هێشتا زۆرێک لە ڕاپۆرتەکانیش پێویستیان بە پشتڕاستکردنەوە هەیە".

 

هێزەکانی ڕووسیا هێرشەکانیان لە ناوچەی دۆنێتسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا چڕتر کردووەتەوە، کە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکان لەژێر بۆردومانی قورسدان، دەزگایەکی لێکۆڵینەوە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە فەرمانی پێکراوە، مانگی ڕابردوو گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هێزەکانی ڕوسیا هێرشی "بێ جیاوازی و ناڕێژەیی"یان لە ئۆکراینا ئەنجامداوە، هاوکات مۆسکۆ ڕەتیدەکاتەوە خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانج یان دڕندەیی ئەنجام بدات.