وتەبێژی دەستپێشخەری نون: گەلەکۆمە دژی هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

سەوسان شۆمان، وتەبێژی دەستپێشخەری نون ئاماژەی بەوەدا کە بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد، ڕێگای ئازادییە بۆ هەموو ژن و گەلان و پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەو گۆشەگیرییەی لسەری بێت.

کارۆلین بزی

 

بەیروت- سەوسان شۆمان، وتەبێژی دەستپێشخەریی نون دووپاتی کردەوە کە لە ڕێگەی دەستپێشخەریی نون، هەوڵ دەدەن بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە لوبنان بڵاوبکەنەوە و ژنان لە مافە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانیان ئاگادار بکەنەوە، چونکە ڕێگای ئازادییە بۆ هەموو ژن و گەلان و  پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەو گۆشەگیرییەی لەسەری بێت.

 

"بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەنە ناوەندی شەڕ ڕێبەر ئۆجالان دەستگیر کرا

سەوسان شۆمان ئاماژەی بەوەدا، پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات بە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا و زلهێزە هەژموونەکانی جیهان ئەنجامدراوە، کاریگەریی ئەو پیلانگێڕییە لەسەر کورد و تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی نەرێنی بوو، فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان فەلسەفە و بیرۆکەیەکە سەبارەت بە دیموکراسی و هاوژیانییە، دەوڵەتە گەورەکان دەیانویست بیرۆکەی ئازادی و یەکسانی ئەوانی تر و شوناس و ڕەگەزەکانیان و پێکەوە ژیانی ئازاد و ئاشتیانەی نێوان هەموو گەلان لەناوببەن، بۆیە ئامانجی دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان، گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بۆ ناوەندی شەڕ، ئەمەش تەنانەت لەمڕۆشدا دیارە، بیرۆکەکانی ڕێبەر ئۆجالان بیرۆکەی کۆمەڵایەتین و لەسەر بنەمای دیموکراسی و چەندین بنەمای دیکە دامەزراون، ئەرێنییەکانی سیستەمی سۆسیالیستی هەڵبژارد و خۆی لە نەرێنییەکان بەدوور گرت، سیستەمێکی تایبەتی لەسەر بنەمای یەکسانی و یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز و مرۆڤ و نەتەوە بنیادنا و ئەو بیروبۆچوونانە لە مانیفێست و بەرهەمەکانیدا بە ناوی مانیفێستی شارستانیەتی دیموکراتیک کۆکراونەتەوە و دوای دەستگیرکردنی بڵاوکرانەوە.

 

"ئامانج بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئۆجالانە"

لە درێژەی قسەکانیدا سەوسان شۆمان دەڵێت: ئەم بیرۆکەیە زەمینەیەکی بەهێز بوو بۆ ژنان، زلهێزەکان هەوڵیاندا بە دەستگیرکردنی ئەو سەرکردەیە، تەشەنەکردنی بیرۆکەکانی ئۆجالان ڕابگرن، بەڵام لە بەرامبەردا لە ڕێگەی دۆست و ئازیزانییەوە زیاتر بڵاوبووەوە، دوای دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان، ئەو دەستپێشخەرییانەی کە بیرۆکە و فەلسەفەکەی بڵاودەکردەوە، بەتایبەتی بە ئامانجی ژنان، چالاکتر بوون، ئێمە وەک دەستپێشخەرییەکی فێمینیستی نۆن هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی دانیشتنی فیکری یان سیمیناری مانگانە هۆشیاری دروستبکەین و بیرۆکەکانی ئۆجالان و بنەماکانی ئەم فەلسەفەیە لێک بدەینەوە.

 

"بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد لە هەموو جیهاندا بڵاوبوونەتەوە"

سەبارەت بە کاریگەریی بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لەسەر ژنان، سەوسان شۆمان وتی: دەبینین بیرۆکەکانی ڕێبەر ئۆجالان کاریگەرییان لەسەر بزووتنەوە فێمینیستەکان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان هەبووە، بۆ نموونە لە سەردەمی شۆڕشی ئێراندا، دوای کوشتنی کچە کورد ژینا ئەمینی، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەستیپێکرد، پشتگیرییەکی نێودەوڵەتی بۆ ئەم پرسە هەبوو، ئەمەش وایکرد هەموو فێمینیستەکان بیانەوێت بیرۆکەی ئەوە بزانن کە چی لە پشت ئیرادەی بەهێزی ڕزگارییەوەیە و زۆرێک لە ژنان هەوڵیاندا ئەم بیرۆکەیە بناسن، لەگەڵ زیادبوونی زانستەکانیان، هەستی شۆڕش لە ناخیاندا زیادی کرد.

 

"ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێزێکی سروشتییان هەیە"

سەوسان شۆمان ڕایگەیاند کە ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهێزن و هاوبەشن لە بڕیاردانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، لە کۆتایدا وتی: ئەوان لە ژێر کاریگەری بیرۆکەکانی ڕێبەر ئۆجالان بوون، بەڵام خاوەن هێزێکی سروشتی بوون کە دەتوانرێت ببینرێت ئەو هێزەیان لە سروشت و مێژووەوە وەرگرتووە، ئێمەش لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکەی نون هەوڵ دەدەین ئەو بیرۆکانە بڵاوبکەینەوە کە ژنان لە لوبنان بەهێز دەکەن، بۆ ئەوەی ژنان ئاگاداری مافە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانیان بن.