تەنها بازاڕی ژنان لە قەندەهار داخراو سەدان ژن بێکاربوون

سەدان ژن لە قەندەهار بێکاربوون، ئەوەش دوای ئەوەدێت کە تاکە بازاڕی بازرگانی و کاری دەستی لە شارۆچکەی عەینۆ مێنای باشوری پارێزگای قەندەهار داخرا.

ناوەندی هەواڵ

 

تاکە بازاڕی بازرگانی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە یەک ملیۆن دۆلار یارمەتی دارایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دامەزرا و لە ٣٧ دوکاندا ژنان بازرگانی خۆیان بەڕێوەدەبرد، لەو بازاڕەدا ٢٥٠ ژنی بازرگان و سەدان ژنی دیکە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەستیان هەبووە لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی کاری دەستی و زۆربەیان بەڕێوەبەری خێزانەکانیان بوون.

 

ئەم بازاڕە بەم دواییانە، دوای قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان و قەدەغکردنیان بۆ چوونە زانکۆ و ئامادەییەکان، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە داخراوە.

 

ژنانی کارکەری بازاڕەکە ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەو بازاڕە تەنها شوێنیان بووە، بتوانن کاری دەستی تێدا بەرهەمبهێنن و بفرۆشن، بەڵام بەداخەوە داخراوە، بەپێی قسەکانیان گروپێک لە تاڵیبان ڕۆژی شەممە چوونەتە بازاڕەکە و پێیان وتوون "کەلوپەلەکانتان کۆبکەنەوە و جارێکی تر نەگەڕێنەوە بۆ بازاڕ"، ئەو ژنانە نەیانزانیوە ئەو کەسانە لەکوێوە و لەسەر فەرمانی کێ بازاڕەکەیان داخستووە.

 

دوای قەدەغەکردنیان لە خوێندنگە ئامادەییەکان و زانکۆکان، سنوردارکردنی ژنان بۆ کارکردن زیاتر بووە و کاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە، خەڵک دەڵێن ژنان نیوەی کۆمەڵگەی ئەفغانی پێکدێنن و بێبەشکردنیان لە مافی خوێندن و کارکردن چەندین خێزانی تووشی کێشەی جۆراوجۆر کردووە.