ژیان تۆڵهەڵدان فەرماندەی شۆڕشی ژنان بە خاک سپێردرا

هەزاران کەس لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرافییە بە مەراسیمێکی رێزلێنان ماتەمینی فەرماندەی شۆڕشی ژنان، ژیان تۆڵهەڵدانیان گێڕا.

حەلەب

 

دانیشتوانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرافییە پێشوازییان لە ژیان تۆڵهەڵدان، فەرماندەی شۆڕشی ژنان و بارین کۆبانێ کرد، بە هەزاران دانیشتووی شاری حەلەب لە بەردەم گۆڕستانی شەهید خالید فەجر تەرمی فەرماندەی شۆڕشی ژنان، ژیان تۆڵهەڵدانیان وەرگرت و بەرەو گۆڕستانی بەرخۆدانی شێخ مەقسود و ئەشرافیە ڕێپێوانیان کرد. هەروەها پرسەی بارین کۆبانێ بۆ شەهبا گواسترایەوە.

 

لە گۆڕستانەکەدا نمایشێکی سەربازی بەڕێوەچوو و بە خولەکێک ڕێز مەراسیمەکە دەستیپێکرد.

 

"ئەم شۆڕشە ناوەستێت"

لە مەراسیمەکەدا رۆهیلات عەفرین، بەناوی بەڕێوەبەری یەپەگە و یەپەژە وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: لە کەسایەتی هەڤاڵ ژیاندا هەموو شەهیدانی تەمووز و شەهیدانی شۆڕش بەبیر دەهێنینەوە و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە دەدەین. لەم پرۆسەیەدا هێرش بۆ سەر کوردستان بە تایبەت بۆ سەر ڕۆژئاوا ئەنجامدەدرێت، ١٠ ساڵ تێپەڕدەبێت و شۆڕش بەردەوامە، هەڤاڵ ژیان تۆڵهەڵدان هەڤاڵێکە لە سەرەتای شۆڕشەوە لە سەختترین شەڕدا بەشداربووە، سەرەتا لە سەرێکانی تا حەلەب و بۆ هۆڵ و شەنگال و لە زۆر شوێن هەوڵی ڕزگاری داوە، وەک فەرماندەیەک لە هەموو ڕوویەکەوە پێشەنگایەتی و فەرمانداری کردووە، بۆیە ئەمڕۆش لە کەسایەتی هەڤاڵ ژیاندا شۆڕش بەردەوامە و هەرگیز نادۆڕیت و ناوەستێت.

 

دوای وتارەکان، بڕوانامەی شەهیدبوونی ژیان تۆڵهەڵدان لەلایەن مامۆستای ئاینییەوە خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا، دواتر تەرمی فەرماندە ژیان تۆڵهەڵدان بە دوعای دایکان و دروشمی "شەهیدان نامرن" بەخاک سپێردرا.