سوپای پاسداران هەڵدەکوتنە سەر دایکی خوێندکارە ژەهرخواردووەکان

دوابەدوای ژەهراویکردنی توندی قوتابیان لە قوتابخانەی کچان لە ١٣ ئابان و ناڕەزایەتی کەسوکاری ئەو قوتابیانە، ژنێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێیدرا.

ناوەندی هەواڵ

 

هاوکات لەگەڵ ژەهراویکردنی بە ئەنقەست و زنجیرەیی خوێندکاران بۆ ڕێگریکردن لە خوێندن، بنەماڵەی کچە خوێندکارەکانی قوتابخانەی ١٣ی ئابانی کچان ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە ژەهراویکردنی منداڵەکانیان.

 

بە پێی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ژەهراویکردنی قوتابیانی قوتابخانەکە، بنەماڵەکانیان چونە بەردەم قوتابخانە و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی، مردن بۆ دیکتاتۆر، بۆ ئازادی دەژین، مردن بۆ دیکتاتۆر، مردن بۆ حکومەتی منداڵکوژ و بێشەرەف بێشەرەف"یان وتەوە.

 

لە ناڕەزایەتییەکەدا دایکی یەکێک لە خوێندکارەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێیدرا و بەپێی زانیارییەکانیش هەندێکیان دەستگیرکراون.

 

هێرشی ڕژێمی ئێران بۆ سەر خوێندکاران بە گازی ژەهراوی لە سێ مانگی ڕابردوودا و لێدان و دەستبەسەرکردنی دایکان کە ناڕەزایەتی دەردەبڕن دژ بە حکومەتی ژنکوژ، یەکێکی ترە لە سیاسەتەکانی ئەو ڕژێمە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە بزووتنەوەی ژنان.