دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: چیتر خوێن لە دڵی دایکان مەهێنن

بۆ ١٢هەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی چوار تێکۆشەری کورد لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن: پرسی کورد بابەتێکی مێژووییە و بە سەرکوتکردن چارەسەر ناکرێت.

سنە

 

کۆمەڵێک دایکان و دایکی گیانبەختکردووانی ئازادی کوردستان، کە بە دایکی ئاشتی ناسراون، بەبۆنەی ١٢هەمین ساڵیادی لە سێدارەدانی چوار تێکۆشەی کورد بە ناوەکانی شیرین عەلەمهولی، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وکیلی و علی حەیدەریان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئومێد و هیوا و ئارەزوو هیچ کات لەسێدارە نادرێت، زستانی سارد و بێ ڕۆح تێدەپەڕێت، ئەوەی دێت بەهارە و زیندووکردنەوەی خەڵکە".

 

تەواوی بەیاننامەی دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان:

چیتر خوێن لە دڵی دایکان مەهێنن

 

دووبارە مانگی گوڵانە و بۆنی شەهادەت دێت، لەم مانگەدا رژێمی داگیركەری ئیسلامیی ئێران چوار رۆڵەی تێكۆشەری كوردیان لە لووتكەی نادادپەروەریدا لەسێدارەدا. شەهیدان "مامۆستا فەرزاد كەمانگەر، شیرین عەلەمهولی، فەرهاد وەكیلی و عەلی حەیدەریان" بەتاوانی تێكۆشان لە رێگای ژیانێكی ئازاد و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی یەكسان و دادپەروەر لە چەند خولەکێکدا لەوپەڕی لوتکەی نادادپەروەری و لە تاریکیدا و بە بەرچاوی جیهانەوە لەسێدارە دران.

 

 نادادپەروەری تا كەی؟ تا كەی زۆڵم و ستەم؟ ئەوانە خەیاڵی لەناوبردنی کورد دەکەن، خەیاڵ دەکەن کە کورد بیدەنگ دەبێت و ژیانی کۆیلایەتی پەسەند دەکات!، تاکەی گریان و فرمێسكی رۆژانەمان میوانی ماڵی دایكانی كورد بێت! مێژوو و چیرۆکی کوردان چیرۆکی دارە پیرەیە، ئومێد و هیوا و ئایندە هیچکات لەسێدارە نادرێن، زستانی سارد و بێ ڕۆح تێدەپەڕێت، ئەوەی دێت بەهاری دووبارە ژیانەوەی گەلانە.

 

وەكو دایكانی ئاشتی رۆژهەڵاتی كوردستان سەرەڕای بە بیرهێنانەوەی یادی شەهیدانی ئازادیخواز و بەتایبەتی شەهیدانی مانگی گوڵان، داواكاری دادپەروەری و ڕێگە چارەیەكین بۆ پرسی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان. ئەم پرسە پرسێكی مێژووییە و بە سەركوت و كوشتن چارەسەر ناكرێت. پرسی ئازادی گەلێكە كە سەدان ساڵە بێوچان لە تێكۆشاندایە.

 

جارێکی تر یادی ئازیزانی ڕێگای ئازادی دەکەینەوە و ئەو زوڵم و وێرانکارییەی لە کوردستان دەکرێت کۆتای پێدێنین.