یەکێتی لاوانی کوردستان: ژنکوژان لەلایەن کاربەدەستی حکومی و حزبییەوە داڵدە دەدرێن
لیژنەی ژنانی یەکێتی لاوانی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی زیادبوونی ڕێژەی کوشتنی ژنان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا پێویستە دادگاکان کەیسی کوشتنی ژنان بە ئەنجام بگەیەنن و تاوانبار سزا بدەن.
ناوەندی هەواڵ
کوشتنی ژنان لە باشوری کوردستان تادێت ڕێژەکەی لە بەرزبوونەوەدایە، بکوژانیش لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە داڵدە دەدرێن و ڕادەستی دادگا ناکرێت، ئەم دۆخە ناڕەزایەتی توێژە جیاوازەکانی لێکەوتووەتەوە.
لەو بارەیەوە لیژنەی ژنانی یەکێتی لاوانی کوردستان بەیاننامەیەکی بۆ ڕایگشتی بڵاوکردەوە و تێیدا ئیدانەی کوشتنی ژنان دەکات، ئاماژە بەوەش دەکات کە کوشتنی ژنان قۆناغێکی تری بەخۆوە بینیوە، ئێستا دوای کوشتنیان فڕێ دەدرێنە سەر شەقامەکان کە ئەمە مەترسیدارە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئەوەی جێگای نیگەرانییه كوشتنی ژنان لە ئێستادا گۆڕانكاری بەسەر شێوازی تاوانەكاندا هاتووە، تاوانباران بە كوشتنی ژنانەوە ڕاناوەستن بەڵكو تەرمەكانیان فڕێ دەدهنە سەر شەقامەكان و سوكایەتیان پێ دەكرێت، بۆیە ئەگەر ڕێگری لەم كردەوانە نەكرێت داهاتووی باش نابێت و كوشتنی ژنان لە حاڵەتەوە سەردەكێشێ و بەرەو قۆناغی مەترسیدار دەچێت.
لیژنەی ژنان لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوەداوە کە بكوژی كچان و ژنانی هەرێم لەلایەن بەرپرس و كاربەدەستانی حكومی و حزبیەوە دەشاردرێنەوە و ڕادەستی دادگا ناكرێن و لە ڕێگای سوڵحی عەشایەرییەوە كێشەكانیان چارەسەر دەكەن و بكوژەكان دەربازیان دەبێت، لەوەش خراپتر ئەوەیە دادگا وەك پێویست هەڵناسێت بە لێكۆڵینەوەی جدی لە دۆسییەكانی كوشتنی ژنان و تاوانباران سزا نادرێن.
لە کۆتایدا وەك لیژنەی ژنانی یەكێتی لاوانی كوردستان بانگەوازی سەرجەم ڕێكخراوەكانی ژنان و چالاكوانان بواری مافەكانی ژنان دەكەن فشار دروستبكەن لەپێناو ڕێگریكردن لە دیاردەی ژن كوشتن و هەڵوێستی جدی بنوێنن.