"لێمان شوێش ژیانی خۆی لە پێناو ئازادی ژن و گەلەکەیدا تەرخانکردبوو"

نەیارانی کورد هەمیشە لە خەباتی ئازادیخوازان و ژنانی پێشەنگ ترساون بۆیە لە تیرۆرکردنیان بەردەوامن و ڕووناک مەجید دەڵێت: "لێمان شوێش ژیانی بۆ ئازادی تەرخان کردبوو و لەو پێناوەشدا شەهید کرا."

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەمیشە لە خەبات و تێکۆشان بەردەوامن دژی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرانەی دەسەڵاتداری دەکەن و مافی ژنان پێشێل دەکەن، دوژمنان و نەیارانی کوردیش ترسێکی گەورەیان لەم خەباتە بێ وچانەی ژنان هەیە، بۆیە بەردەوامن لە تیرۆرکردنی ئازادیخوازان بۆ کپکردنی دەنگیان، بەڵام ئەم هەوڵانە ژنان سوورتر دەکات لەسەر خەباتەکایان بۆ گەشتن بە ئازادی.

 

"لێمان شوێش و یوسرا دەروێش لە پێناو خەباتی ئازادیدا کرانە ئامانج"

ڕوناک مەجید ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "سەرەتا سەری ڕێز بۆ گیانی پاکی لێمـان شوێش و یوسرا دەروێش و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی دادەنەوێنم، تیرۆرست ئەو کەسەیە کە خەڵکی مەدەنی و بێ چەک دەکاتە ئامانج بە کۆمەڵێک هۆكار ئەویش کە سیاسەتێکی هەژموون گەرایی ئەنجام دەدات و لە لایەن دەوڵەت یان گروپێکی مەزهەبی توندڕەوەوە تیرۆر دەکرێن، دەوڵەتی تورکیا هەمیشە ئەو ئازادیخواز و خەباتکارانە دەکاتە ئامانج کە هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانیان دەدەن بۆ گەلەکەیان، لێمان شوێش و یوسرا دەروێش یەکەم کەس نین و کۆتا کەس نابن کە دەکرێنە ئامانج لە پێناو تێکۆشان کردن بۆ ئازادی ژنان."

 

"دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ئێمە کۆیلە بین"

ڕوناک مەجید ئەوەشی خستەڕوو، "وەک دەزانین پێشتریش چەندین کەسی ئازادیخواز و خەباتکار لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە باشوی کوردستان و چەندین شاری تردا کراونەتە ئامانج لەسەر دەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، بەتایبەتی ژن دەکاتە ئامانج، چونکە دەزانێت ئەگەر ژن ئازاد بوو کۆمەڵگەش ئازاد دەبێت و کۆمەڵگە بەرەو پێش و ئازادی دەبەن و وا لە کۆمەڵگە دەکەن بە کۆیلە نەبن، چونکە ئەو کەسانەی تیرۆر ئەنجام دەدەن کەسانێکیان دەوێت کە کۆیلە و خۆفرۆش بن، بەڵام ئەم کارە تیرۆرستانەی ئەردۆغان تا سەر نابێت و ڕۆژێک وەکو هەموو سەرکردە دیکتاتۆرەکان کۆتایی دێت."

 

"شەهیدبوونی هەر ئازادیخوازێک ئێمە لەسەر خەباتکردن سوورتر دەکات"

ڕوناک مەجید روونی کردەوە و وتی: " ئێمە وەکو ژنانی باشوری کوردستان دووپاتی دەکەینە کە لەسەر ڕێگەی لێمان شوێش و یوسرا دەروێش بەردەوام دەبین و بۆ ئازادی تێدەکۆشین، لێمان شوێش"ڕەیحان" ماوەی چەند ساڵێک لە باشوری کوردستان خەباتی دەکرد، چونکە لە فکر و فەلەسەفەی ئەودا دەڵێت ئەگەر ژنان یەکگرتوو بن هیچ هێزێک ناتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە و بەرامبەر بە هێزی ژن بوەستێت، بۆیە هەر کاتێک ئازادیخوازێک شەهید دەبوو لێمان شوێش ژنانی دەهێنایە لای یەک، بۆ ئەوەی بە یەک فکر و گوتار دژی داگیرکەران بوەستنەوە."

 

وتیشی:" لێمان شوێش ماوەی چەند ساڵێک نوێنەری کۆنگرەی ستاربوو لە باشووری کوردستان و هەوڵ و تێکۆشانی ئەو بۆ یەکبوونی ژنان بوو کە بە یەکگرتووی دژی داگیرکەران بوەستنەوە، هەروەها لە بوارە کۆمەڵایەتییەکانیشدا کارێکی جدی دەکرد، بۆیە ئەوەی بەجێی هێشتووە دوای خۆی ئەو یەکبوونەیە لە ناو ژنانی ئازادیخواز و ژنانی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەبینرێت، کە هەموویان بە یەک دەنگ هاوخەمی خۆیان دەردەبڕن بۆ لێمان شوێش و کارێکی بۆ بەجێهێشتووین هەموومان سەربەرزین پێوەی و شانازی پێوە دەکەین، وە شەهید بوونی هەر ئازادیخوازێک ژنان سوورتر دەکات لەسەر خەباتەکەیان تا بگەن بە ئامانجی خۆیان  کە ئەویش ئازادی ژنان و کۆمەڵگەیە."