سندوقی دیکە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دانران

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، لە دوو شوێنی دیکە بۆ وەرگرتنی هاوکارییەکان سندوق دانران.

ناوەندی هەواڵ

 

بەیانی ئەمڕۆ لە ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی، بە بەشداری کۆمەڵێک لەو کەسایەتییانەی هەڵمەتەکانی هاوکارییان ڕاگەیاندبوو بۆ هاوکاریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان، شوێنی دیکە بۆ کۆکردنەوەی هاوکارییەکان ڕاگەیەندران.

 

ئاکۆ غەریب، بەڕێوەبەری ئەمنەسوورەکە لەبارەی کەمپەینەکەوە ڕوونکردنەوەی بۆ ڕاگەیاندنەکاندا و وتی: کوردانی ڕۆژئاوا لە ئێستادا لە بارودۆخێکی ناخۆشدان و پێویستە ئێمە هاوکارییان بین، بۆیە هەر لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا، بڕیارماندا بە ڕاگەیاندنی دوو شوێنی نوێ بۆ وەرگرتنی هاوکارییەکان لە شاری سلێمانی، ئەوانیش ئەمنە سوورەکە و ناوەندی ڕۆشنبیریی جەمال عیرفانە لە شەقامی سالم.

 

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، کە جگە لە بنکەی خۆبەڕێوەبەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری سلێمانی و بەردەم ڕێکخراوی ئازادبوون و ئەمنە سورەکە و ناوەندی ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، لە شار و شارۆچکەکانیشدا شوێن بۆ وەرگرتنی هاوکارییەکان هەیە.

 

"گەلی باشوور دڵسۆزی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان سەلماندووە"

ڕۆزا حەسەن، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان، لە بارەی هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ نوژنها دوا و وتی: گەلی باشوور و بە تایبەت خەڵکی شاری سلێمانی و شارۆچکە و ناوچەکانی دەوروبەی بە دەیان جار دڵسۆزی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان سەلماندووە و ژنان لەم هەڵمەتانەدا جێی خۆیان گرتووە، لە ئێستادا هاوکارییەکان لەم هەڵمەتانەدا تەنیا بە پارە وەردەگیرێت، ئەوەش بەهۆی داخستن و نەکردنەوەی سنوری نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانە، بۆیە ئێمە داوا دەکەین و هیوادارین سنورەکان بکەنەوە.