ئاگرکەوتنەوەی زنجیرەیی لە دارستانەکانی مەریوان بەردەوامە

لە درێژەی ئاگرکەوتنەوەی زنجیرەیی دارستانەکانی زاگرۆس، دوێنێ لە پێنج شوێنی جیادا دارستانەکانی شاری مەریوان ئاگریان تێبەردرا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ کۆمەڵەی سەوزی چیای مەریوان کە لە بواری ژینگەدا کاردەکات، بڵاویکردەوە، دارستانەکانی مەریوان لە پێنج شوێنی جیاوازدا ئاگریان تێبەردراوە و داوای لە خەڵکی ناوچەکە کردووە هاوکار بن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆمەڵەکە، دارستانەکانی نێوان گوندەکانی ڕەشەدێ و ئەسراوە، دارستانەکانی نێوان گوندەکانی دەری و شێخە کوێرە، دارستانەکانی نێوان گوندەکانی بەردی سپی، شێخ عەتار و وەنینە، دارستانەکانی گوندی پیرانەکون و دارستانەکانی پشت گەڕەکی کۆرێ موسوی ئاگریان تێبەردرا.

 

دارستانەکانی ئەم ناوچەیە زیاتر دار بەڕوون، کە ساڵانە بە قەبارەیەکی گەورە دەسووتێن، ئەم ئاگرکەوتنەوانە جگە لە حاڵەتە دەگمەنەکان کە سروشتین، بە مەبەست لەلایەن حکومەت یان کەسانی قازانجخوازەوە دەکرێتەوە.

 

ڕژێمی ئێران ساڵانە بە بیانووی سیاسی بەشێک لە دارستانەکانی دار بەڕووی مەریوان دەسوتێنێت، هەندێک جار کەسانی قازانجخواز بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان ئاگر لەم ناوچەیە دروست دەکەن، هاوکات بەهۆی سروشتی شاخاوییەوە گەیشتن بەم ناوچەیە زۆر قورسە و سەرەڕای ئاگرکەوتنەوەیەکی زۆر، هیچ ڕێوشوێنێک بۆ دابینکردنی کەرەستەی پێشکەوتووی ئاگرکوژێنەوە بۆ ناوچەکە نەگیراوەتەبەر.