لە ٥ مانگدا سوپای توركیا ٨٣٣ هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی كوردستان

ڕێكخراوی ئاشتی جیهانیی ئەمریكی – سى پى تى، بڵاوی كردەوە، لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا توركیا سەدان تانک و هەزاران سەربازی هێناوەتە ناو خاكی هەرێم، دەشڵێن، ئامانجى توركیا گەیشتنە بە چیای حەوت تەبەق لە شیلادزێ و داگیركردنی زنجیرە چیای گارا

ناوەندی هەواڵ

 

 

ڕێكخراوی ئاشتی جیهانیی ئەمریكی – سى پى تى، لە بارەی هاتنی هێز و سوپای دەوڵەتی داگیركەری تورکیا بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە، تیایدا هاتووە، لە ١٠ ڕۆژی رابردوودا سوپای توركیا بە ٣٠٠ تانكی سەربازییەوە جوڵەى سەربازیی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا دەستپێكردووە، بە جۆریک هێزەکان لە بەرواری باڵا جموجۆڵی زەمینی هەیە و چوونەتە نێو چەندین گوندی ناوچەكەوە.

 

ئەوەشیان خستەڕوو، سەربازانی توركیا لەنێو گوندەكانی كێستە، ئارادنا، چەلكێ، بابیرێ، ئورە، سەرەڕۆ لە شارەدێی كانی ماسی بینراون، كە بە پیادە لەنێو گوندەكاندا هاتووچۆ دەكەن، بەهۆیەوە گوندنشینانی ئەو ناوچانە ناتوانن ئاژەڵداری و كشتوكاڵ بكەن.

 

دەوڵەتی تورکیا خاڵی پشکنینی لە ناو سنووری هەرێم داناوە

سوپای توركیا لە بەرەبەیانیی ٢٥ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، خاڵێكی پشكنینی لەنێوان گوندەكانی بابیرێ و كانی بەلاڤێ جێگیركردووە، هەر هاووڵاتییەكی مەدەنی لەو ناوچەیادا هاتووچۆ بكات، ناسنامەی عێراقی لێوەردەگیرێت و دوای پشكنینی ناسنامەكەی ڕێگەی پێدەدرێت بڕوات.

 

دەشڵێن، ئامانجێكی دیكەی توركیا گەیشتنە بە چیای حەوت تەبەق لە شارەدێی شیلادزێ و دواتریش داگیركردنی زنجیرە چیای گارا، بەمەش حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ٧٠ بۆ ٧٥٪ـی سنووری دەسەڵاتی خۆی لە پارێزگای دهۆک لەدەست دەدات.

 

"لە ماوەی سێ ڕۆژدا بە هەزارەها سەربازی دەوڵەتی تورکیا جێگریکراون"

كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی سی پی تی بەمیدیاكانی ڕاگەیاندووە، لە ٢٨ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دەوڵەتی توركیا دەستی كرد بە درووستكردنی ڕێگەیەكی سەربازی لەنێوان ئەو بنكە و بارەگا سەربازییانەی لە ساڵی ٢٠٢١ لە بەرواری باڵای شارەدێی كانی ماسى درووستی كردبوون، ڕێگەكە بە قووڵایی نۆ كیلۆمەتر لە خاكی هەرێم درووستكراوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا نزیكەی هەزار سەربازی توركیا لە نێوان بارەگای سەربازیی گرێ باروخ جێگیركراون، كە گەورەترین بارەگای سەربازیی توركیایە و لە ساڵی ١٩٩٧ـەوە لەنێو خاكی هەرێمدا درووستكراوە.

 

"بە تەنها لە ماوەی پێنج مانگدا ٨ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە"

کامەران عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر هێرشەكانی توركیا بەردەوام بێت، بە دەیان گوند و شارەدێ ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە و بە سەدان گوندنشین و هاوڵاتی مەدەنی ئاوارە دەبن، بەشێكی گرنگی خاكی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە دەستی سوپای توركیاوە، کە ئەستەم دەبێت جارێكی دیكە ئەم ناوچانە بخرێنەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق.

 

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەكو ئایاری ٢٠٢٤، سوپای توركیا ٨٣٣ هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، بەهۆیانەوە هەشت هاونیشتمانی شەهید بوون.